کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات وەک داینەمۆی بەردەوامیی جووڵانەوەی نەتەوەیی

09:43 - 17 جۆزەردان 2726

عومەر باڵەکی

حیزبی دێموکراتی کوردستان ٨٠ ساڵ لەمەوبەر لە کاتێکدا دامەزرا کە بەهۆی سەرکوتی جووڵانەوەکان لە هەر چوار پارچە لەلایەن دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، نائومێدی باڵی بەسەر کوردستانی گەورەدا کێشابوو؛ بۆیە وەک پێویستییەکی مێژوویی، دامەزراندنی حیزبی دێموکرات توانی هەوری نائومێدی لەسەر ئاسمانی خەباتی نەتەوەیی و مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بڕەوێنێتەوە و بۆ جارێکی دیکە تۆوی هیوا و ئومێد بە سەرکەوتن لە دڵی خەباتکارانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا بچێنێ.

حیزبی دێموکرات لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا لە ژیانی سیاسیی خۆیدا، گەلێک سەرکەوتنی گەورە و جێی شانازی بۆ گەلی کورد تۆمار کردووە و لە هەمان کاتدا تووشی زۆر کارەساتی گەورە بووە و خوێنی زۆری لەبەر ڕۆیشتووە، کە ئەگەر سیاسەتی واقیعبینی و پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکرات نەبوایە، ڕەنگە وەک زۆربەی حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکە لەم ماوە زەمەنییە دوورودرێژەدا لێک هەڵوەشابایەوە و تەنیا لە مێژوودا ناوێکی لێ مابایەوە.

لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا، هەم لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی و هەم لە سەردەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر لە ئارادا بووە؛ بە چەشنێک کە لە سەردەمی هەردوو ڕێژیمدا، کوردستان نەک تەنیا بۆ خۆی، بەڵکوو بۆ سەرانسەری ئێرانیش سەنگەری خۆڕاگری و دەنگی ئازادیخوازی بووە. لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیدا، کاتێک کۆماری کوردستان لەلایەن سپای پاشایەتیی ئێرانەوە ڕووخێندرا و بەشێک لە ڕێبەرانی ئەو کۆمارە -کە لە هەمان کاتدا ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوون- لەسێدارە دران و بەشێکی دیکەیان ڕاپێچی زیندان کران، دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە ڕایانگەیاند کە کێشەی کوردیان چارەسەر کردووە و حیزبی دێموکرات لێک هەڵوەشاوەتەوە و کوردستان ئارامە.

ئەو سیناریۆیە ٣٢ ساڵ دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەرحەق بە جووڵانەوەی مافخوازنەی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە فتوای جیهادی خومەینی بەدژی گەلی کورد و سەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستاندا دووپات کرایەوە. لە هەمان کاتدا حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حیزبی دێموکراتی بە هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و دەزگاکانی تەبلیغاتی و ڕاگەیاندنی ڕێژیم دەستیان بە پڕوپاگەندەی ئەوە کرد کە کوردستان لە نەیاران پاک کراوەتەوە و کێشەیەک بە ناوی ئەحزابی دژبەری نیزام لە کوردستاندا بوونی نییە؛ بەڵام دەبینین دوای هەشتا ساڵ، هەر دوو ڕێژیمی پاشایەتی و ئیسلامی لە پڕۆژەی فەوتاندنی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی شوناسخوازی و مافویستیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تووشی شکست هاتوون.

ئەگەر دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، ڕێژیمی پاشایەتی تەبلیغاتی بۆ ئەوە دەکرد کە جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی سەرکوت کراوە، بەڵام لە مەیدانی بەکردەوەدا پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ڕێژیم دەبینین؛ بۆ نموونە: لە ساڵەکانی ١٣٣٢ و ١٣٣٨دا زیندانەکانی ڕێژیمی پاشایەتی پڕن لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات، و لە ساڵەکانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧دا تێکۆشەرانی دێموکرات بوون گۆمی مەندی دەسەڵاتداریی پاشایەتییان لە ئێراندا شڵەقاند.

لە هەمان کاتدا، لە بەڵگەنامەکانی پێوەندیدار بە ڕێککەوتننامەی ئەلجەزائیر ١٩٧٥ (١٣٥٣ی هەتاوی) کە لە نێوان شای ئێران و سەدام حوسێندا ئیمزا کرا، دەبینین و دەخوێنینەوە کە باس لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات دەکرێ؛ کە دەوڵەتی ئەوکاتی عێراق لەبەرانبەر ئەوەدا کە ڕێژیمی پاشایەتیی ئێران ڕێگا لە تێکۆشەرانی کوردستانی عێراق دەگرێ، ئەویش لەسەریەتی ڕێگری بکا لە کار و تێکۆشانی خەباتکارانی کوردستانی ئێران. بەڵام ئەو ڕێککەوتننامەیە بەهۆی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە تەمەنی ئەوەندە کەم بوو کە هیچ کام لەو دوو ڕێژیمە نەیانتوانی ڕێژەیەکی کەم لە بەند و بڕگەکانی جێبەجێ بکەن، و لە هەر دوو پارچەی کوردستاندا جووڵانەوەی نەتەوەیی گەلی کورد بە هێز و وزەیەکی گەورەترەوە، بە ئاشکرا گۆڕەپانی خەباتی بەدەستەوە گرتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش لە ماوەی ئەو ٤٧ ساڵەدا، هەرچی لە دەست و توانایدا بووە بۆ سەرکوتی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد بە دڕندانەترین شێوە بەرامبەر بە تێکۆشەرانی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات ئەنجامی داوە، و هەوڵ و تێکۆشانی خۆی چڕ کردووەتەوە کە بە هەر نرخێک بێ، حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێک داببڕێ و لە هەلی جۆراوجۆر کەڵکی وەرگرتووە بۆ زەربەلێدان لە تێکۆشەرانی جووڵانەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە چل ساڵە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە گوێی خەڵکی ئێراندا دەخوێنن کە کوردستان ئارامە و حیزبەکان تارومار کراون، بەڵام حەرەکەت و جموجۆڵی شوناسخوازیی خەڵک و پێگەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، دروست پێچەوانەی بۆچوون و پڕوپاگەندەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەسەلمێنن. گرتن و زیندانی و ئیعدامی لاوەکان، مانگرتنە سەرانسەرییەکان لە کوردستان، ڕاپەڕینی ژینا، بە دەیان جار هێرشی ئاسمانی بە فڕۆکە و مووشەکی بالیستیک و دڕۆنی خۆکوژ بۆ سەر بنکە و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموویان نیشانەی زیندووبوونی جووڵانەوەی شوناسخوازی و مافویستیی گەلی کوردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەرکی ئەو ڕاستییە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی شوناسخوازی و مافویستیی گەلی کورد لەو پارچەیە لە کوردستان دەکەن و پێگەی جەماوەریی بەربڵاویان لەنێو خەڵکی کوردستاندا هەیە، سەرەڕای شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و لەرزۆکبوونی پایە و بناغەکانی، بەو حاڵەشەوە بە هەموو تواناکانی ئێستای لە هێرشکردن بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕانەوەستاوە و تەنانەت دوژمنکارییەکەی دەرحەق بە گەلی کورد و حیزبەکانی، چی وا کەمتر نییە لە ڕادەی ئەو دوژمنکارییانەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا هەیەتی.

بێجگە لە کرداری نیزامی کە بە مووشەک و دڕۆنی خۆکوژ بۆ سەر کەمپەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی حیزبەکان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا کردوویەتی و ئێستاش بەردەوامە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان دەوڵەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی، کە ساڵی ١٤٠٢ بە ناوی پاراستنی ئەمنییەتی سنوورەکان بەسترا، ئەو ڕێککەوتننامەیە زیندوو بکەنەوە و بە قسەی خۆیان دارولەلەی زیاتر و قایمتر لەو ڕێککەوتننامەیەدا دژ بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێن. بەڵام خۆیان لە ئاستی ئەو بابەتەدا گێل دەکەن کە ئەوە خودی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوون کە هەموو بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیەیان بە هێرشکردنە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشێل کردووە؛ کە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتننامە بەناو ئەمنییەتییە دەتوانێ نیشانەی ترسی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم بێ لە جێگە و پێگەی جەماوەریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە شەڕ و شۆڕ و بۆمباران و بەستنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ناتوانی جووڵانەوەی نەتەوایەتیی نەتەوەیەک لەنێو ببات؛ ڕەنگە بۆ ماوەیەکی زەمەنی سەرکەوتن وەدوا بخات، بەڵام لە ئاکامدا سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و خەباتکارانی پرسە نەتەوایەتییەکانە و شکست و نەمان بۆ دەسەڵاتدارانی پاوانخوازە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی دوورودرێژی خەباتکارانەی خۆیدا بێگومان لە کەم‌وکوڕی بێبەری نییە، بەڵام لە ڕۆژی دامەزرانیەوە هەتا ئێستای لەگەڵدا بێ، هەوڵی داوە خوێندنەوەیەکی دروست و واقیعبینانە لە ڕووداوەکان بکات و قازانج و بەرژەوەندیی درێژخایەنی نەتەوەیی لە گرەوی سەرکەوتنێکی کاتیدا دانەنێت؛ و هەر ئەوەش وای کردووە سەرەڕای ئەو هەموو کارەساتە جەرگبڕ و خوێناوییانەی بەسەری هاتووە، دوای هەشتا ساڵ ئێستاش بە گڕوتینەوە لە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانێدا بۆ وەدەستهێنانەوەی مافەکانی گەلی کورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاران لە شەڕ و ململانێدا بێت.

لە بارودۆخی ئێستادا، بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەوەی پێویستە خۆڕاگری و ئیرادە و باوەڕمەندبوون بە سەرکەوتنە؛ چونکە ئەو قۆناغەش کۆتایی دێت و سەرکەوتوو ئەو لایەنەیە کە خاوەنی ئیرادەیە و پشتئەستوورە بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان.