کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی لەسێدارەدانی بەپەلەی لاوێکی کورد لە زیندانی قزڵحسار

09:11 - 12 جۆزەردان 2726

دوای لەسێدارەدانی نهێنیی دوو هاووڵاتی کورد، "ئارمان مەعریفەتی"، لاوی تەمەن ٣٨ ساڵانی خەڵکی سەقز و باوکی دوو منداڵ، لەژێر سێبەری بێدەنگی و پێشێلکاریی مافەکانیدا، لە مەترسیی جیددیی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەدایە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە پێشتر لە یەکێک لە مەیدانەکانی میوە و تەرەباری تاران کاری کرێکاریی دەکرد، لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ بێسەروشوێن کرابوو و دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم وێڕای شاردنەوەی شوێنی ڕاگرتنی، بە شێوازی جۆراوجۆر سووکایەتییان بە بنەماڵەکەی دەکرد.

دادگای ئینقلابی ڕیژیم تاران تۆمەتەکەی لە "کۆبوونەوە و تەبانی" گۆڕی بۆ "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا"، لە کاتێکدا ئارمان ئەو تۆمەتانەی بە درۆ خستووەتەوە.

ڕۆژی ١١ی جۆزەردان، دوو هاودۆسییەکەی بە شێوەیەکی نهێنی لەسێدارە دران و ئێستا ئارمان گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحسار و ٩ ڕۆژە بێسەروشوێنە و دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیم ڕێگەی بە پارێزەرانی دڵخواز نەداوە بچنە ناو دۆسییەکەوە.

لە ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، لانیکەم ١٧ کەس لە خۆپیشاندەرانی بەفرانبار لەسێدارە دراون؛ واتە بە تێکڕا لە هەر ٤.٥ ڕۆژێکدا خۆپیشاندەرێک لەسێدارە دراوە.