لە درێژەی دەرکردنی حوکمە قورسەکانی دەزگای بەناو دادوەریی ڕژێم دژی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار، "بێنیامین نەقدی"، گەنجی تەمەن ٢٦ ساڵ و قارەمانی وەرزشە ڕەزمییەکان لە شیراز، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
بێنیامین نەقدی کە لە بواری کیکبۆکسینگ و (MMA)دا چالاک بوو، لە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەر کرا و تەنیا ڕۆژێک دواتر، میدیاکانی ڕژێم دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ بڵاو کردەوە.
کاربەدەستانی ئەمنییەتی ڕێژیم ناوبراویان تۆمەتبار کردووە کە بە کەپسولی ئاگرکوژێنەوە هێرشی کردووەتە سەر مۆتۆڕسوارانی ڕێژیم.
مستەفا نیلی، پارێزەری دۆسییەکە ڕایگەیاند کە تۆمەتی سەرەتاییی بریگرتەکەی "دەستپێکردن بە کوشتن" بووە، بەڵام دواتر گۆڕدراوە بۆ "موحارەبە" و "کۆبوونەوە و تێکدانی ئەمنییەت".
لە کۆتاییدا دادوەرانی ڕژێم بەبێ سەرنجدان بەوەی لەو ڕووداوەدا هیچ کەسێک بریندار نەبووە، کۆی تۆمەتەکانیان وەک "افساد فیالارض" پێناسە کرد و حوکمی سێدارەیان دەرکرد.
کۆماری ئیسلامی لەم مانگانەی دواییدا بۆ دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، ڕۆژانە حوکمی سێدارە دژی هاووڵاتییانی ناڕازی جێبەجێ دەکات و ئێستاش سەدان زیندانیی سیاسی لەژێر مەترسیی سێدارەدان.