کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەشهەد؛ سزای بەندکران و قامچی بەسەر هاووڵاتییەکی کوردی برینداردا سەپێندرا

14:02 - 29 جۆزەردان 2726

"خەلیل ڕەسووڵی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆجنورد و یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٨ ساڵ بەندکران، ٨٠ قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، خەلیل ڕەسووڵی لە مانگی خاکەلێوە و کاتێک لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە بۆجنورد بە تۆمەتەکانی وەک "هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی"، "پرۆپاگەندە دژ بە نیزام" و "تێکدانی موڵکی گشتی" سزا دراوە.

ناوبراو هەروەها بۆ ماوەی ٢ ساڵ بۆ شاری خاش لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوور خراوەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، دەبوو قورسترین سزا واتە ٦ ساڵ بەندکردن جێبەجێ بکرێت، بەڵام دادوەر بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییەی ڕاگەیاندووە کە یاسای کۆکردنەوەی سزاکان لەسەر ئەو جێبەجێ ناکرێت و دەبێت تەواوی ٨ ساڵ بەندکردنەکە تێپەڕێنێت.

خەلیل ڕەسووڵی لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان لاقی بە توندی بریندار بوو و پاش چەند کاتژمێرێک لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر کرا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد (وەکیڵ‌ئاباد) گواستراوەتەوە و لەم ماوەیەدا لە مافی خزمەتگوزاریی پزیشکیی بێبەش کراوە و بەهۆی هەوکردنی (عفونت) و قووڵی برینی گولـلەکە لە لاقیدا، دۆخی جەستەیی زۆر نالەبارە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.