بەیاننامەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕای گشتی و ئازادیخوازان!
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٦) کۆبوونەوەیەکی بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەنووکەیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ئەرکە مێژووییەکانی هاوپەیمانی لەم قۆناغەدا پێکهێنا.
لەم کۆبوونەوەیەدا دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە، لێکەوتەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران و هەوڵەکانی دواتر بۆ ئاگربەس و واژۆکرانی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران و دوورەدیمەنی داهاتووی سیاسیی ئێران ئەو ئاکامگیرییە کرا ئەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێرانن کە بە بەردەوامییان لە خەبات و مافخوازییان کۆتایی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دێنن و لە ڕاستیدا ڕێژیمیش ترسی هەرە گەورەی هەر خەباتی مافخوازانەی لە کۆمەڵانی خەڵک لە نێوخۆی ئێرانە کە هەتا ئێستا لەو پێناوەدا ڕووبارێک خوێنیان داوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە دۆزی ڕەوای کورد و خەباتی ڕزگاریخوازیی ئەم نەتەوەیە پاشخانێکی دوور و درێژ و دەوڵەمەندی هەیە و تابعی هیچ جۆرە شەڕ و هاوکێشەیەکی هەرێمی نییە. لە ڕوانگەی ئێمەوە پێچەوانەی تێگەیشتنێک لە ئاستی لە نێودەوڵەتیدا هەیە، کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی داخراوی ئەزموون کراوە و ئەم جۆرە لێکتێگەیشتن و تەنانەت ڕێککەوتنانەش جەوهەر و نێوەرۆکی ڕێژیم ناگۆڕن، بۆیە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە تەنیا لە ڕێگەی پشتبەستن بە هێزی نێوخۆیی خەڵک، یەکگرتوویی هێزە کوردستانی و دێموکراسیخوازەکانی ئێران و بەردەوامیی بزووتنەوە مەدەنییەکانەوە بەدی دێت و هەر گۆڕانکارییەک لە داهاتوودا، پێش هەر شتێک پشت بە ئیرادە، خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران دەبەستێت.
هاوپەیمانی هاوکات لەسەر ئەم باوەڕەیە لەگەڵ ئەوەدا لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی ئەو شەڕەدا دەتوانێ یارمەتیدەری بزووتنەوەی مافخوازیی نەتەوەکانی ئێران بێ، بەڵام ئێمە پشت بە ئیرادە و وزەی خەباتگێڕیی خۆمان دەبەستین و چارەنووسی خەباتی خۆمان بە ڕێککەوتن و شەڕی وڵاتان و لایەنە دەرەکییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامییەوە نەبەستۆتەوە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ئەم شەڕە بە زیادکردنی شاڵاوی گرتن و لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، گوشارەکان بۆ کۆمەڵگە و هێرشە تێرۆریستییە بەردەوامەکانی بۆ سەر حزبە کوردستانییەکان لە باشووری کوردستان هەوڵی لاوازکردنی ئەم بزووتنەوەیە دەدات، بەڵام جووڵانەوەی کورد بەم سەرکوت و گوشارانە بەچۆک دانایەن.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لەم قۆناغەدا پێ لەسەر پەرەپێدانی کاری هاوبەش، پێداگری لەسەر بەردەوامی، پتەوکردنی یەکگرتوویی نێوخۆیی، بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکییە میدیاییەکان و بەشداریی کارا و بڕوابەخش لە پرۆسەی بڕیاردانی هاوبەشدا لە ڕێزدانان بۆ ویستی جەماوەر و پێویستیی بزووتنەوەی کوردستاندا دادەگرێتەوە. هاوکات لە هەوڵەکانی بۆ نێزیکبوونەوەی هەرچی زیاتر لەپێناو گوتاری هاوبەش و کاری مەیدانیی پێکەوەیی و بەرپەرچدانەوەی هەر چەشنە بێهیواییەک بەردەوام دەبێ و پی لەسەر بەردەوامیی خەبات تا بەدیهاتنی مافە ڕەواکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دادەگریتەوە.
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای بزووتنەوەی کوردستان
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ (٢١/٦/٢٠٢٦)