کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی مێهدی کەریمی و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو

09:51 - 1 پووشپەڕ 2726

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام، "مێهدی کەریمی"، هاووڵاتیی خەڵکی مەڵەکشایی و یەکێک لە هێماکانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، بە شێوازێکی توندوتیژانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مێهران، بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان، مێهدی کەریمییان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

دوابەدوای دەسبەسەرکرانی، میدیاکانی ڕێژیم ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراویان بڵاو کردووەتەوە کە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا لێی وەرگیراوە.

مێهدی کەریمی، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لە شاری مەڵەکشایی، بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی کە لەسەر کورسییەک لەبەردەم باڵەخانەی فەرمانداریدا دانیشتبوو، وەک یەکێک لە هێماکانی ئەو ناڕەزایەتییە دەناسرا و بەهۆیەوە بۆ ماوەی ٤ مانگ لەژێر چاوەدێریی توندی ئەمنییەتیدا بوو.

پێشتر وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە ١٧ هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام دەسبەسەر کردووە و تێیدا ئاماژەی بە ناوی "مێهدی-ک" کردبوو.