کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەرەج؛ سێ لاوی کوردی خەڵکی دەڕەشار سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا

09:46 - 11 جۆزەردان 2726

سێ لاوی خەڵکی شاری دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی کەرەج، بە ناوەکانی "محەممەدئەمین شەمسی"، "ئەمیر ئەمرایی" و "کامیار ئەمرایی"، کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لەم ماوەی دواییەدا محەممەدئەمین شەمسی (٢٩ ساڵ)، ئەمیر ئەمرایی (٢٣ ساڵ) و کامیار ئەمرایی (٢٢ ساڵ)، لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە کەرەج، هەر کامەیان سزای ٣ ساڵ و یەک مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

هەنگاو ڕایگەیاند کە ئەم سزایە بە فەرمی لە ناو بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج بەم سێ هاووڵاتییە ناڕازییە ڕاگەیەندراوە.

ئەم سێ لاوە کوردە، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و دوای تێپەڕینی نزیکەی چوار مانگ لە بێبەشکرانیان لە مافە سەرەتاییەکانیان، هێشتا لە بەشی گشتیی بەندیخانەی قزڵحساری کەرەجدا ڕاگیراون.