کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی چەند بەندکراوێکی کورد و دەسبەرکرانی چەند هاونیشتمانییەکی دیکە

11:13 - 8 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان ڕەوتی دەسبەسەرکرانی هاونیشتمانیان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر پەرەی سەندووە و چارەنووسی هەندێک لەو بەندکراوانە هەتا ئێستا ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، کازیوە پەرویزنیا خەڵکی مەهاباد دوای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، دوای دەسبەسەرکرانی بەبێ هۆی ئەو ژنە کوردە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و دوای دۆسییەسازی بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا لە تۆمەتی وەپاڵدراو و هۆکاری دەسبەسەرکرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، عەلی زوڵفی وێنەگر و بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی شاری بۆکان لە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شوێنی کارەکەیدا دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوتەوە.

هەروەها کوردپا باسی لە دەسبەسەرکرانی هاونیشمانییەکانی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی مێهران بەهرامی کردووە.

کوردپا کات و شوێنی دەسبەسەرکرانی ئەو هاونیشتمانییەی ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕ لە سەقز ڕاگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراوی مێهران بەهرامی و هەروەها شوێنی بەندکرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە درێژەی ڕەوتی ڕەشبگیریی هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمدا، جەعفەر موختاری‌فەر، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی بۆکان ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕ دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.