کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی سزاکان و بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی چالاکوانان لە کوردستان

14:14 - 9 پووشپەڕ 2726

ناوەندە سەرکوتکەرە ئەمنییەتییەکان و دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گوشاری سەر چالاکوانانی مەدەنیی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و لە دەرەوەی کوردستانیان زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، "ئاریا نوورانی"، مامۆستا و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە خۆراسانی باکوور، سزای ١٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

هاوکات، ئەحمەد عەلیزادە، چالاکی مەدەنی و مامۆستای خانەنشینکراوی تەمەن ٥٣ ساڵەی خەڵکی ئاودانان، کە ئێستا دور خراوەتەوە بۆ سیستان و بەلووچستان، بە تۆمەتی سووکایەتی بە ڕێبەری ڕێژیم و بانگەشە دژی نیزام، سزای نوێی دوو ساڵ بەندکران، یەک ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە و ١٠٨٠ کاتژمێر خزمەتی زۆرەملێی بەسەردا سەپێندرا.

لەلایەکی ترەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بڵاوی کردەوە کە سێ چالاکی کولتووریی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی "مەنسوور قادرزادە"، "یووسف ئەمینی" (مامۆستای خانەنشین) و "عەلی شوکری"، دوای چەندین ڕۆژ لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگەی ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواستراونەتەوە و بارمتەی قورسی ٢ میلیارد تمەنی بۆ ئازادیی کاتیی هەر کامێکیان دیاری کراوە.

کوردپا هەروەها ئاماژەی بە دۆخی مەترسیداری "دانیال نیازی"، لاوی کوردی تەمەن ١٨ ساڵەی خەڵکی "شێروان" کردووە کە دوای پێنج مانگ و نیو بەندکران لە زیندانی شێروان، بەبێ دادگاییکردن و لەژێر گوشاری دەروونی و ئەشکەنجەدا بە تۆمەتی قورسی "موحاربە" ڕاگیراوە و ڕێگەش بە وەرگرتنی پارێزەرەکەی نادرێت.

ئەو لاوە کوردە لەگەڵ چەندین تۆمەتی وەک "بەشداریکردن لە کوشتنی بەئەنقەست"، "بەشداریکردن لە بریندارکردن و لێدانی بەئەنقەست"، "ئەندامبوون لە کۆبوونەوەی زیاتر لە سێ کەس دژ بە ئەمنییەتی نێوخۆی وڵات"، "تێکدانی نەزم و ئەمنییەتی گشتی" و "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژ بە ڕێژیم" ڕووبەڕوو کراوەتەوە و گیان و چارەنووسی لە مەترسیدایە.