کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سێدارە سیستماتیکەکانیدا بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە، سزای لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قوروەی بە ناوەکانی "مێهرداد محەممەدنیا" و "ئەشکان مالکی" لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرد.
دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بە پاساوی چەواشەکارانەی وەک "سووتاندنی مزگەوت و تێکدانی ئەمنییەت" لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا، کوشتنی ئەم دوو لاوەی ڕاگەیاند.
تاران بە شێوازێکی باو، ڕاپەڕینی مەدەنیی خەڵک دەبەستێتەوە بە "هەڕەشەی دەرەکی" تا پاساو بۆ سەرکوتی ناڕەزایان بهێنێتەوە؛ بە جۆرێک کە سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم داوای دادگای کتوپڕ و بێبەزەییانەی دەسبەسەرکراوانی کردبوو.
ئەم دوو لاوە کوردە لە کاتێکدا لەسێدارە دراون کە لە "چاوپێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ بنەماڵە" و "مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەش کرابوون و دادگاییەکەیان دوور بووە لە کەمترین پێوەرە یاساییەکان.
شەپۆلی سێدارە لە ئێران دوای شەڕی ئەم دواییە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و لانیکەم ٣٨ بەندکراوی سیاسی لە سێدارە دراون.
"مای ساتۆ"، ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردووەتەوە کە ڕێژیم سێدارە وەک "ئامرازی دروستکردنی ترس و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان" بەکار دەهێنێت.
ئەم تاوانە نوێیەی تاران دژی گەنجانی کورد لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرۆککۆماری ئەمریکاش داوای ڕاگرتنی سێدارەکانیان کردبوو، بەڵام ڕێژیم بۆ مانەوەی خۆی، تەنیا ڕێگەچارە لە خوێنڕشتندا دەبینێتەوە.