داوابەدوای شەهیدبوونی شەش کەس لە پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی سیاسی و تەشکیلاتی، کەوتنە ناو بۆسەی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و گیانی خۆیان لەپێناو ئامانجی ئازادی و سەربەرزیی نەتەوەی کورد بەخت کرد، پەیامگەلێکی زۆر و بێئەژمار لەلایەن خەڵکی خەباتکاری کوردستان، ئازادیخوازانی ئێران، حیزبەکان، ڕێکخراوەکان، لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە نەتەوەیی و مەدەنییەکان و دامەزراوە جیاجیاکانەوە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نێردرا.
ئەم دەربڕینی هاوخەمییە بەربڵاوە، جارێکی دیکە نیشانی دایەوە کە تاوان و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، نەک هەر ئیرادەی خەباتکارانی ڕێگای ئازادی تێک ناشکێنێت، بەڵکوو هاوپێوەندی و هاودڵیی نێوان سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی نەتەوەی کورد، ئازادیخوازانی نەتەوە بندەستەکان و دێموکراسیخوازانی ئێران بەبڕشتتر و پتەوتر دەکات.
ڕێبەری، پێشمەرگەکان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن کە دڵسۆزانە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی هەموو ئەو حیزب، ڕێکخراو، لایەن، کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، چالاکانی مەدەنی، میدیاکان و سەرجەم ئەو مرۆڤە ئازادانەی بکەن کە بە ناردنی پەیامی سەرەخۆشی، بەیاننامە و ڕاگەیاندنی هاوپێوەندی، لە خەمی لەدەستدانی ئەم ڕۆڵە فیداکارانەی نەتەوەی کورددا لە پاڵمان وەستان و لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نەتەوەی کورد هاوخەمییان دەربڕی. ئەم هاوپێوەندییە بەنرخە، سەرمایەیەکی گرانبەها بۆ بەهێزکردنی خەباتی هاوبەش دژی ستەمکاری، سەرکوت و پێشێلکردنی مافی نەتەوەکان و ئازادیخوازانە.
بێگومان، خوێنی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، چرای ڕێگای خەباتی نەتەوەی کورد دەبێت. ئەو ڕێگایەی کە ئەوان بە باوەڕ، فیداکاری و لەخۆبردووییەوە هەڵیانبژارد، بە ئیرادەی پتەوی پێشمەرگەکان، ئەندامانی حیزب و پشتیوانیی بزووتنەوە و خەڵکی کوردستان و هەموو ئازادیخوازانی ڕاستەقینە بەردەوام دەبێت و سیاسەتی تێرۆر، سەرکوت و بەنیزامیکردنی کوردستان، هەرگیز ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەی کورد بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی، دێموکراسی و مافە نەتەوەییەکان تێکبشکێنێت.
یاد و ناوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی هەرمان
سەرکەوێت خەباتی نەتەوەی کورد و سەرجەم نەتەوە بندەستەکان
بڕووخێ ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی پەیوەندییەکان
١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی
٣ی ژوئیەی ٢٠٢٦ی زایینی