کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای بەندکران، دوورخستنەوە و قامچی بەسەر لاوێکی کورد

08:45 - 15 پووشپەڕ 2726

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای قورسی بەسەر لاوێکی کوردی خەڵکی شاری ئاشخانەی سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور و لە دەسبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردوودا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لقی ١٠٦ی دادگای سزای ٢ی شاری ئاشخانە، "نیما شیری"، هاووڵاتیی تەمەن ٢١ ساڵی بە یەک ساڵ بەندکران، یەک ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری زاهێدان و لێدانی ٧٤ قامچی سزا داوە.

نیما شیری لە ١٤ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە شاری بۆجنوورد دەسبەسەر کرابوو و دوای دوو ڕۆژ، بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە تا کاتی دادگاییکردنی ئازاد کرابوو.