کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەریوان؛ کوژرانی کۆڵبەرێکی لاو بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم

14:25 - 15 پووشپەڕ 2726

"سیروان (سەڵاح) خۆشنەمەک"، کۆڵبەرێکی لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "دووماڵ"ی سەر بە شاری مەریوان، لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییە سنوورییەکانی "وەیسە" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئەم ڕووداوە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕ ڕووی داوە و هێزەکانی بنکەی سنووریی وەیسە بەبێ هۆشداریی پێشوەختە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسای بەکارهێنانی چەک، لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لەم لاوە کردووە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

پێشتر و لە ڕۆژی هەینی ڕابردووشدا، کۆڵبەرێکی تەمەن ٥٧ ساڵی خەڵکی ناوچەی شاهۆی سەر بە شاری ڕوانسەر بەناوی "وەزیر ڕەحیمی"، لە سنووری نەوسوود بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دابوو.