یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی زانکۆی کوردستان و بڕیاری دادگای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لەمەڕ دۆسیەی مامۆستایەکی تۆمەتبار بە کردەوەی نائەخلاقی مەحکووم کرد.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، مامۆستایەکی کۆلێژی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لە بەشی کۆمەڵناسی، کردەوەیەکی نائەخلاقی بەرامبەر بە خوێندکارێک ئەنجام داوە؛ بەڵام دادگای نێوبراو لە بڕیارێکی نادادپەروەرانەدا، هیچ تاوانێکی بۆ ئەو کەسە لەبەرچاو نەگرتووە.
یەکیەتیی خوێندکاران جەخت دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە سەرچاوە لە نادادپەروەریی سیستماتیکی دەسەڵاتەوە دەگرێت و گەڕانەوەی ئەو کەسە بۆ ناوەندی زانست، سووکایەتییەکی ڕوونە بە کەرامەتی مرۆڤایەتی و ئەکادیمی.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زانکۆ دەبێت پەناگەیەکی ئارام بێت بۆ فێربوون، نەک شوێنێک بۆ تێرکردنی غەریزە و تێکدانی ئەمنییەتی دەروونیی خوێندکاران.
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات ڕایگەیاندووە کە نەبوونی بنەمای ئەخلاقی لەم مامۆستایەدا شەرعیەتی دامەزراوەی خوێندن دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە کۆتاییدا، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکرات گەڕاندنەوەی ئەم کەسە بە بڕیارێکی ئەنقەستی بەڕێوەبەرانی زانکۆ دەزانێت و وێڕای پاڵپشتیی تەواو لە هاوپۆلەکانیان، داوای دوورخستنەوەی دەستبەجێی ناوبراو لە کورسیی وانەوتنەوە دەکات، چونکە کەرامەتی خوێندکاران ڕێگە بە بێدەنگی نادات.