دۆخی تەندروستیی "شلێر مامقادری"، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، بەهۆی بێبەشکردنی لە چاوەدێریی پزیشکی و ڕێگریی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ لە ناردنی بۆ ناوەندە تەندروستییەکان، بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرەو خراپبوون دەچێت.
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕ، ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: "شلێر مامقادری، بەندکراوی سیاسیی کورد کە تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمکە، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی دەرمان و ئاستەنگ دروستکردن بۆ چارەسەرکردنی، ٢٧ کیلۆ لە کێشی کەمی کردوە و ئەم دۆخە نالەبارە، گیانی خستووەتە مەترسیی جیددییەوە".
ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢وە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا لەبارەی تۆمەتی وەپاڵدراو و هۆکاری دەسبەسەرکرانی زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
لەو پێوەندییەدا چالاکانی بواری مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە تێکەڵبوونی گوشارە دەروونییەکان، ئەشکەنجەی جەستەیی و بێبەشبوونی لە مافە سەرەتاییەکان وەک وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، تەندروستیی ئەم بەندکراوە سیاسییەی گەیاندووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.
جێی ئاماژەیە دۆخی نالەباری جەستەیی ئەو بەندکراوە سیاسییە، نیگەرانیی بنەماڵە و چالاکانی مەدەنی لێ کەوتووەتەوە و داوای دەسبەجێ گواستنەوەی ناوبراویان بۆ ناوەندێکی تەندروستی کردووە.