ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٣٧٠ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دوای جێبەجێبوونی ئاگربەست لە سەرەتای بەهاردا، تەنیا لە مانگی پووشپەڕ لانیکەم ١٠١ کەس لەسێدارە دراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە نێوان لەسێدارەدراوانی ئەمساڵدا ٩ ژن، ٢٥ کورد، ١١ هاووڵاتیی ئەفغانستان، ٢ هاووڵاتیی عێراق، ٣٣ بەلووچ و ٩ هاووڵاتیی عەرەب هەن.
ئەم ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەنیا ٥٣ حاڵەت (هاوتای ١٤٪) لە لایەن سەرچاوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراون.
هەروەها، ٥٥ کەس بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ئەمنییەتی میللی کە ١٨یان لە خۆپیشاندەران و ١٣یان زیندانیی سیاسی بوون، لەسێدارە دراون.
مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ، داوای لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و یەکیەتیی ئورووپا کرد کە ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان بکەنە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی هەر جۆرە ڕێککەوتن و دانوستانێک لەگەڵ تاراندا.
کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم هەزار و ٦٣٩ کەسی لەسێدارەدابوو کە بەرزترین ئامار بوو لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا.