کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دژ بە هونەرمەندانی کوردستان

10:53 - 16 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، هەرکام لە هونەرمەندانی کوردستانی "نێدا دەدەجانی" خەڵکی قوروە و "شلێر مودیرزادە" و "ڕاشد ئیمامی"، دوو هاوژینی خەڵکی پاوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، "نێدا دەدەجانی" هونەرمەندی خەڵکی شاری قوروە و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتیی مانگی بەفرانبار، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سزای قورسی سێ ساڵ بەندکران و دوو ساڵ دوورخرانەوەی بۆ نیکشار بەسەردا سەپاوە.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، دوو هاوژینی هونەرمەندی خەڵکی شاری پاوە بە ناوەکانی ڕاشد ئیمامی و شلێر مودیرزادە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کراون.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە تۆمەتی وەپاڵدراو، هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی بەندکرانی ئەم دوو هاوژینە هونەرمەندە زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.