زهرا محەممەدوەلی ژنە بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئیلام کە ٤٦ ڕۆژە بەبێ هۆکار لە بەندیخانەی ئیلام دەسبەسەر کراوە، ماوەی ١٠ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، زەهرا محەممەدوەلی ٢٧ ساڵان و خەڵکی شاری ئاودانان و دانیشتووی شاری دێهلۆران، لە ٤٦ـەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا چارەنووسی نادیارە و ماوەی نزیک بە دوو حەفتەیە بەهۆی ناڕوونیی چارەنووسی مانی لە خواردن گرتووە".
کوردپا لەو ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی: "ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، ١٠ ڕۆژە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەمەڕ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی، ڕاگرتنی بەبێ هۆکار، ناڕوونیی چارەنووسی و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی بەردەوام لە بەندیخانەی ئیلام دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە".
ناوبراو لە ماوەی ئەو ١٠ ڕۆژەدا بەهۆی مانگرتنەوە ڕێگەی پێ دراوە چاوی بە بنەماڵەی بکەوێت، بەڵام لە مانگرتنەکەی خۆی بەردەوامە.
زەهرا محەممەدوەلی ژنی خەڵکی شاری ئاودانان و دانیشتووی شاری دێهلۆڕان، ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە.