ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتیان داوە کە شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، شارە جیاوازەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و دەسبەسەرکراوان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، لە شاری مەهاباد، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی "کەماڵ پیرانپوور" ٤٣ ساڵە، "مستەفا ئیبراهیمی" ٤٠ ساڵە و "سەردار ئوستادئەحمەدی" بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
هاوکات لە سەردەشت، هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران بە تەقەکردنی بەربڵاو هێرشیان کردووەتە سەر باخێک لە شاری نەڵاس و "مەلا ئەبوبەکر یووسفی" و "یوونس مووساپوور"یان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کردووە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ورمێیان گواستوونەتەوە.
هەروەها "سروش کەرەمی" لاوی کوردی ١٨ ساڵان کە لە خۆپیشاندانەکانی کرماشاندا دەسبەسەرکرابوو، پاش شەش مانگ بێسەروشوێنی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کراوە و تۆمەتی قورسی "موحاربە"ی خراوەتە پاڵ.
سەرجەم ئەم دەسبەسەرکراوانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیش سەبارەت بە دۆسییەکانیان هیچ وڵامێک نادەنەوە.