
شەماڵ تەرغیبی
٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، سی و حەوت ساڵ بەسەر تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد و سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور عەبدولڕحمانی قاسملوو و هاوڕێیانی لە شاری ڤیەندا تێدەپەڕێ. د. قاسملوو لە پاش خۆی کۆمەڵێک میراتی بەنرخی سیاسیی بۆ حیزب و نەتەوەکەی بەجێ هیشت، کە ساڵیادی شەهیدبوونیدا ئاوڕێک لە بەشێکیان دەدەینەوە.
گرێدانی دێموکراسی و پرسی نەتەوەیی یەکێک لە داهێنانە مەزنەکانی دوکتور قاسملووە. ئەو پێی وابوو نە دێموکراسی بەتەنیا و بەبێ چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی پرسی نەتەوەیی واتایەکی ڕاستەقینەی هەیە، و نە پرسی نەتەوەیی بەبێ دێموکراسی چارەسەر دەکرێت. "دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستانی ئێران"، دوکتورین و بیروباوەڕی قاسملووی ڕێبەر بوو.
دوکتور قاسملوو لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینیدا، ڕوو لە هێز و ڕێکخراوە چەپە ڕادیکاڵەکان کە بانگەشەی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریایان دەکرد، ڕایگەیاند: "خراپترین دێموکراسیم لە باشترین دیکتاتۆری پێ باشترە". دوکتور قاسملوو دێموکراسیی بۆ خۆی کردبووە ڕێڕەوی خەبات و بەرخودان لەپێناو ئازادیدا.
مادام میتران، هاوسەری دانیال میتران، سەرکۆماری پێشووی وڵاتی فەڕانسە گوتبووی: "دوکتور قاسملوو بە بەڵگەوە پێی سەلماندم کە دێموکراسی دەتوانێ خاڵی هاوبەشی ئێمەی فەڕەنسی و کوردەکان بێت". هەر وەک ماندێلا و خەبات دژی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور تەواوکەری یەکترن، لە کوردستانیش دێموکراسی و دوکتور قاسملوو دووانەیەکی لێکدانەبڕاون کە جیاکردنەوەیان لە یەکتر ئیمکانی نییە.
دێموکراتیزەکردنی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات بە لێزانی و لێوەشاوەیی دوکتور قاسملوو گەیشتنە ئەنجام؛ ئەو تاکە ڕێبەری نەتەوەی کورد بوو کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە لە کۆنگرە و پلینۆمە حیزبییەکاندا دەبووە کەسی یەکەمی حیزب. ئەمە لە هیچ ڕێکخراو و حیزبێکی دیکەی کوردستانی لە چوار پارچەدا نەبینراوە و هەر ئەم پڕەنسیپەش بووەتە ئەسڵێکی نەگۆڕ لە نێو حیزبەکەی قاسملوودا.
دوکتور قاسملوو باوەڕی بە ڕێبەریی تاکەکەسی نەبوو؛ ئەو بەرزەمرۆڤە بانگەشەی بۆ ڕێبەریی بەکۆمەڵ دەکرد و لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینیدا لە میتینگێکدا لە شاری مەهاباد، ڕەخنەی لە دروشمی "بژی قاسملوو" گرت کە لەلایەن خەڵکی بەشداری میتینگەکەوە دەگوترایەوە. ئەو بەئاشکرا ڕایگەیاند: "دروشمی بژی قاسملوو دروشمی ئێمە نییە، بەڵکوو بژی ئازادی، بژی کوردستان و بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دروشمی ئێمەیە".
هەر کاتێک کە حیزبی دێموکرات لە ئەنجامی ناتێگەیشتوویی یان لێکدانەوەی نادروستی ئەندامێکی خۆی لە چەمکی دێموکراسی تووشی زیان دەبوو، دوکتور قاسملوو دەیگوت: "هەتا ئەو کاتەی فێری دێموکراسی دەبین، دەبێ نرخەکەشی بدەین، چونکە ئێمە لە ئێستادا تەمرینی دێموکراسی دەکەین".
وەزیری کاری دەوڵەتی فەڕانسە لە پەڕاوی بیرەوەرییەکانیدا نووسیبووی: "تێرۆری دوکتور قاسملوو خەنجەرێک بوو کە لەسەر دڵی دێموکراسیی تازەپێگرتووی لە حاڵی گەشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا درا".
پێداگریی دوکتور قاسملوو لەسەر خودموختاریی بۆ کوردستانی ئێران، بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە؛ یەکەم ئەوەی کە: دوکتور قاسملوو لەو باوەڕەدا بوو کە بواری مێژوویی و سیاسیی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ هەڵکەوتە و پێگەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان (عێراق، تورکیە و سووریە) جیاوازیی هەیە و لە پێگەی کەسایەتییەکی لێزانی سیاسیدا، واقیعبینیی سنوورە سیاسییەکانی کوردستانی قبووڵ کردبوو. دووەمیش ئەوە بوو کە، جۆری ستەمی نەتەوەیی کە لە وڵاتی ئێران بەرۆکی کوردی گرتبوو، لەگەڵ ئەو ستەمە نەتەوەییەی کە بەرەوڕووی گەلانی دیکەی ئێران دەبووەوە جیاوازیی هەیە، کەواتە بەپێی لۆژیک ناکرێ بە یەک شێوە چارەسەر بکرێن.
دوکتور قاسملوو نەیدەشاردەوە کە باوەڕی بە پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی و دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین هەیە و لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینیدا لە دیدارێکدا لەگەڵ هانی ئەلحەسەن، نوێنەری فەلەستینییەکان، ڕایگەیاندبوو: "ئێمە لە ئێستادا داوای خودموختاری دەکەین، بەڵام ئەگەر خەباتەکە قووڵتر و درێژتر بێتەوە، کوردەکان بیر لە ئاڵتێرناتیڤێکی دیکە دەکەنەوە".
لەگەڵ ئەوەی کە دوکتور قاسملوو بەردەوام ڕەخنەی لە سۆسیالیزمی مەوجود دەگرت، بەڵام هەمیشە سیستمێکی سۆسیالیستی، لە سیستمێکی کاپیتالیستی پێ باشتر بوو. دروشمی سۆسیالیزم ئەو دروشمە نەبوو کە دوکتور قاسملوو ڕازی بکات، ئەوەش لە ڕوانگە و بیری عەداڵەتخوازانەی دوکتور قاسملووەوە بە نیسبەت سۆسیالیزمەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەو لە پێگەی کەسایەتییەکی بیردۆزی سۆسیالیستییەوە، هەم لەگەڵ سۆسیالیستە نەریتی و کلاسیکەکان کە بە بیانووی خەبات دژی ئیمپریالیزمەوە نکۆڵییان لە ستەمی نەتەوەیی لە ئێران دەکرد، و هەم کۆمۆنیستە توندڕەوەکان کە بەهۆی خەباتی چینایەتییەوە دژایەتییان لەگەڵ مافی نەتەوەکانی ئێران دەکرد، جیاوازییەکی یەکجار زۆری هەبوو؛ دوکتور قاسملوو ڕەخنەی لەو جۆرە ئایدیا و بۆچوونانە گرت.
بەم شێوەیە بزووتنەوەی میللی-دێموکراتیکی کورد لە کوردستانی ئێران، خۆی لە دەست دوو تێڕوانینی هەڵە و نادروست ڕزگار کرد و ئامانجی دواڕۆژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، واتە سۆسیالیزمی دێموکراتیک کە تێزی بەناوبانگی ئەو ڕێبەرە مەزنەی مێژووی خەباتی نەتەوایەتیی کوردە، دیاری کرد. دوکتور قاسملوو هەتا کاتی تیرۆرکرانی، وەکوو یەکێک لە ڕێبەرانی سۆسیالیستیی جیهان لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی (سیا)ی ئەمریکادا بوو، هەر بەم هۆیەوە ئیزنی چوون بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای نەبوو.
دوکتور قاسملوو وەکوو دیپلۆماتێکی لێزان و بەئەزموون و شارەزا لە هەوراز و نشێوە دیپلۆماتیکەکان، بایەخێکی یەکجار گەورەی بۆ ناساندنی پرسی کورد بە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەدا؛ ئەو پێی وابوو کە یەکێتیی سیاسیی کوردەکان بۆ لابردنی ستەمی نەتەوەیی مەرجی سەرەکییە، بەڵام پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز مەرجێکی پێویستە و ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانیی وڵاتانیش تەنیا لە ڕێگەی چالاکیی دیپلۆماسییەوە بە ئەنجام دەگات و دەستەبەر دەبێت. ئەو بە هەوڵی ماندوونەناسانەی خۆی توانی هەتا ڕادەیەکی یەکجار زۆر پشتیوانیی دەوڵەتی فەڕانسە بەدەست بهێنێت؛ حیزبەکەی دوکتور قاسملوو یەکەمین حیزبی سیاسیی کورد بوو کە لەلایەن دەوڵەتێکی زلهێزەوە (فەڕانسە) بە فەرمی بناسرێت. دوکتور قاسملوو توانیبووی لە ئاستێکی بەرزدا جێگە و پێگەی تایبەتی لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانی وڵاتی فەڕانسەدا بۆ نەتەوەی کورد بەدەست بێنێت. بە بەردەوامی لەلایەن حیزبە خاوەن پێگە و جەماوەرییەکانەوە (حیزبی کۆمۆنیست و حیزبی سۆسیالیست) بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسم و کۆنگرەکاندا بانگهێشت دەکرایەوە.
هزری دوکتور قاسملوو وای کرد کە ئەو حیزبەی خۆی ڕێبەرایەتیی دەکرد، هاوتای حیزبی کاری ئیسرائیل، دووەمین حیزبی سیاسی بێت کە لە ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیستدا بە ئەندام وەربگیرێت. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە دوکتور قاسملوو بناغەداڕێژەری دیپلۆماسیی کوردە. لەخۆڕا نییە د. کۆشنێر (کە دواتر بووە وەزیری دەرەوەی فەڕانسە) گوتبووی: "دوکتور قاسملوو فێری کردم کە بۆ چارەسەریی پرسی کورد، نابێ تەنیا پشت بە مافەکانی مرۆڤ ببەستین، بەڵکوو دەبێ کەڵک لە دەفرایەتیی سیاسی و دیپلۆماسیش وەرگرین".
خەباتی چەکدارانە یەکێکی دیکە لەو بابەتانەیە کە گرێدراوی ناوی دوکتور قاسملووە؛ دوکتور قاسملوو بۆ ماوەی ١٠ ساڵ (١٣٥٨ هەتا ١٣٦٨) فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، کە ژمارەی ئەو هێزە زیاتر لە ١٢ هەزار پێشمەرگەی شۆڕشگێڕ بوو. خەباتی چەکداری لە ڕوانگەی دوکتور قاسملووەوە باشترین وڵامدانەوە بوو بە هێرشی سەربازیی ڕێژیمی مەزهەبیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان و بەرگری لە ئازادیی نەتەوەی کورد. بە پێچەوانەی بۆچوونی ڕێکخراوە چریکەکان کە خەباتی چەکدارییان هەم بە ستراتیژی دەزانی و هەم ئازادیشیان لە لوولەی چەکەکانیانەوە دەبینی، دوکتور قاسملوو وەکوو تاکتیکێکی کاتی کەڵکی لە خەباتی چەکدارانە بۆ هەموارکردنی ڕێگەی سیاسی و ئاشتیخوازانە وەرگرت.
سەرەڕای هەموو ئەو دڕندەیییانەی پاسدارەکان و گوشارە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، خەباتی چەکدارانەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بە سەرکردایەتیی دوکتور قاسملوو، لە چوارچێوەی خەباتێکی ئازادیخوازانە نەترازا و هەموو کات خۆی لە کردەوەی تیرۆریستی بە دوور گرت. لە کاتێکدا کەسانێکی تریش هەبوو کە بانگەشەی ڕێبەریی هەر چوار بەشی کوردستانیان دەکرد و لە ئەنجامدا بە هەڵسوکەوتی ناتێگەیشتووانەیان، بەشێک لە نەتەوەی کوردیان خستە نێو لیستی ڕەشی تیرۆریستییەوە کە پاشهاتی زیانباری بۆ نەتەوەی کورد بە دوای خۆیدا هێنا.
یاسر عەرەفات، ڕێبەری فەلەستینییەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کریس کۆچێرا، هەواڵنێری فەڕەنسی، گوتبووی: "قاسملوو، ڕێبەری کوردەکان، هەم خەباتی چەکدارانەی کرد و لەگەڵ ئەوەشدا دێموکراتبوونی خۆی پاراست".
یەکێکی دیکە لەو چەمکە بەنرخانەی کە دوکتور قاسملوو بۆ ڕێبوارانی دێموکراسی بەجێ هێشت، هەمان سەربەخۆیی حیزبی دێموکرات لە بڕیاردانی سیاسیدا بوو. دوکتور قاسملوو ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵ (١٣٤٩ هەتا ١٣٦٨) سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بوو؛ بەر لەوەی کە بەرپرسیاریەتی لە حیزبدا وەئەستۆ بگرێت، حیزبی دێموکرات پێکهاتەیەکی تێکڕووخاوی هەبوو و ڕێکخستنەکەی بەسەر حیزب و ڕەوتە سیاسییەکانی دیکەدا دابەش ببوو و کەوتبووە ژێر کاریگەریی لایەنە سیاسییەکانی تر؛ بەڵام دوکتور قاسملوو بە لێزانیی خۆی، سەربەخۆیی بۆ حیزب گەڕاندەوە و بووە گەورەترین و بەهێزترین حیزبی کورد و یەکێک لە کاریگەرترین و دیارترین حیزبەکان لە ئاستی ئێراندا. کەواتە هەستانەوە و گەشەکردنی حیزبی دێموکرات، ئەنجامی لێزانی و بناغەداڕێژیی نەمر دوکتور قاسملووە.
واقیعبینیی سیاسی، یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی دوکتور قاسملوو بوو؛ "لە سیاسەتکردندا نابێ بە تەواوەتی خۆشبین و ناشبێ بە تەواوەتی ڕەشبین بین، بەڵکوو دەبێ واقیعبین بین". ئەمە لە وتە بەنرخەکانی ئەو بەرزەمرۆڤەیە. ئەو سیاسەتمەدارێکی پراگماتیست بوو کە دیاردە و ڕووداوەکانی بە ڕەش یان سپی نەدەبینی. متمانەبەخۆبوونی دوکتور قاسملوو لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا بێهاوتا بوو؛ ماڵپەڕی ویکیلیکس (ماڵپەڕی تایبەت بە لەقاوودان) نووسیویەتی: "قاسملوو تاقانە ڕێبەری ئۆپۆزیسیۆن بوو کە هەر کاتێک پێی خۆش بووایە دەیتوانی چاوی بە سەدام حوسێن بکەوێت، بەڵام لە وێنەگرتن لەگەڵ سەدام حوسێن خۆی دەبوارد".
دوکتور قاسملوو سیاسەتباز نەبوو، بەڵکوو سیاسەتمەدارێک بوو کە لە چوارچێوەی پڕەنسیپدا سیاسەتی دەکرد و بۆ خۆیشی دەڵێ: "ئێمە یەکەم حیزب بووین کە ئەخلاقمان هێنایە ناو سیاسەتەوە"، کە ڕەنگە نهێنیی زیندوومانەوەی ڕوانگەکانی هەر لەم خاڵەدا خۆی شاردبێتەوە؛ بە کورتی ئەو سیاسەتی بە هونەری مومکین دەزانی.
قوتابخانەی قاسملوو؛ وەرچەرخانی مێژوویی لە سێبەری ناسیۆنالیزمی مۆدێرندا
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لە مێژووی هاوچەرخی کورددا هەیە کە دەڵێت: دوکتور قاسملوو تەنیا نوێنەری هزریی هاونەسڵ و هاوسەردەمەکانی خۆی نەبوو، بەڵکوو ئەو دەیان ساڵ لە زەمەنی فیزیکیی خۆی لە پێشتر بوو. ئەم پێشەنگایەتییە فیکرییە بە جۆرێک بوو کە تەنانەت زۆربەی هاونەسڵەکانی خۆیشی لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا، نەیانتوانی لە قووڵایی ئەندێشە پێشکەوتنخواز و فرەڕەهەندەکانی تێبگەن. بیری مۆدێرن و فرەچەشنی قاسملوو، لێهاتوویی ئەو لە تێکەڵکردنی خەباتی نەتەوەیی لەگەڵ بنەما گەردوونییەکانی مافی مرۆڤ، ئەوی لە تەواوی ڕێبەرە کوردەکانی دیکەی سەردەمی خۆی جیا کردبووەوە. لە کۆمەڵگەی کوردیدا، چ لە ڕابردووی مێژووییدا و چ لە هاوکێشەکانی ئێستادا، ناکرێ و ناتوانرێ مۆدێلی ڕێبەرایەتیی ئەو لەگەڵ هیچ سەرکردەیەکی دیکە بەراورد بکرێت.
ئەم جیاوازییە تەنیا لە چوارچێوەی نێوخۆیی و ناوچەییدا قەتیس نەبوو، بەڵکوو دوکتور قاسملوو لە ئاستی نێونەتەوەییشدا، لە ڕوانگەی دیپلۆماسی، فەلسەفەی سیاسی و تێڕوانینی مرۆییەوە، لە ڕیزی ڕێبەرە گەورەکانی جیهاندا پۆلێن دەکرا؛ هاوشانی سەرکردە مێژووییەکانی وەک ویلی برانت لە ئەڵمانیا و نێڵسۆن ماندێلا لە ئەفریقای باشوور. ئەو پرسی کوردی لە قاڵبی کێشەیەکی لۆکاڵی و ناوچەیی هێنایە دەرەوە و کردیە بابەتێکی زیندوو لەسەر مێزی ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەورووپادا.
ئێستا کە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر تیرۆری جەستەیی دوکتور قاسملوودا تێدەپەڕێت، واقیعێکی نوێ لە گۆڕەپانی فیکریی کوردستاندا سەری هەڵداوە. نەسڵێکی نوێ و پێگەیشتوو هاتووەتە مەیدان کە بەهۆی کرانەوەی فیکری و گەشەی سیاسییەوە، زۆر باشتر، قووڵتر و ئاسانتر لە هزر و ئەندێشەی مۆدێرنی قاسملوو تێدەگات و دەتوانێ دیدگای خۆی لەگەڵ بنەماکانی ئەو ئەندێشەیە هاوتەریب بکات. ئەم نەسڵە نوێیە، دوکتور قاسملوو وەک پڕۆژەیەکی مێژوویی تەواونەکراو دەبینن؛ ئەوان ئەو وەک هێمایەکی هەرە درەوشاوە بۆ گوتاری نوێی پرسی نەتەوەیی دێننە بەر باس و بە شانازییەوە بە "باوکی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کورد" لە قەڵەمی دەدەن. لە ڕوانگەی ئەم نەوەیەوە، قاسملوو تەنیا سەرکردەیەکی سەربازی یان ڕێبەری حیزبێکی سیاسیی کوردستانی نەبوو، بەڵکوو سیمای دێموکراتێکی ڕاستەقینە، ڕۆشنبیرێکی دەوڵەتمەدار و خەباتکارێکی نەتەوەخوازی سەردەمیانە بوو.
لەسەر ئەم بنەمایە، نەسڵی نوێ تێڕوانین و داڕشتنی خۆی بۆ داهاتووی ناسیۆنالیزمی کوردی، لەسەر پێکهاتەی هزری و جیهانبینیی دوکتور قاسملوو فۆرمولیزە و مۆدێرنیزە دەکات. بە بۆچوونی کچ و کوڕانی ئەم نەوەیە، کوردایەتی بەبێ پایەکانی دێموکراسی، ئازادیی تاک و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، چەمکێکی پۆپۆلیستییە و هیچ ئیعتبار و بەهایەکی نییە. ئەوان گەڕانەوە بۆ دواوە و زیندووکردنەوەی مۆدێلە نەریتی و عەشیرەیییەکانی سیاسەت قبووڵ ناکەن. هاوشێوەی دوکتور قاسملوو، بانگەشەی شێلگیری، پشوودرێژی، فێربوونی بەردەوام و خۆڕاگریی عەقڵانی لە کایەی سیاسەت و خەباتدا دەکەن.
ئەم کرانەوە و هاوتەریبییەی نەسڵی نوێ لەگەڵ دوکتور قاسملوودا، تەنیا لە چوارچێوەی باسێکی تیۆری و ئەکادیمیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو بە شێوازێکی کرداری ڕژاوەتە ناو کایەی گشتی و سەر شەقامەکانی کوردستان. لە خۆپێشاندان و ڕاپەڕینە مەدەنییەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، یەکێک لە هەرە دیارترین هێما و فاکتە سەرنجڕاکێشەکان، زیندووبوونەوەی خێرا و بەربڵاوی دروشمی هاوبەشی لاوان بوو کە بە یەکدەنگ دەیانوتەوە: "قاسملوو، قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە..."
ئەم هاوارە چەندپاتەیەی گەنجان لە سێبەری توندترین کەشی ئەمنیدا، پەیامێکی سیاسیی قووڵی تێدایە؛ ئەوە دەسەلمێنێت کە نەک هەر کۆتایی بەو گوتارە نەهاتووە، بەڵکوو کچ و کوڕانی نەوەی نوێ بەم دروشمە ناسنامەی سیاسیی خۆیان پێناسە دەکەنەوە. ئەوان بە بۆڵدکردنی ئەم ڕستەیە لەسەر شەقام، بە دەسەڵات و بە جیهانیش دەڵێن کە مانیفێستی دێموکراسی و ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی قاسملوو، لای ئەوان پڕۆژەیەکی زیندووی ئایندەیە، نەک یادەوەرییەکی خەمناکی ڕابردوو.
بۆیە دەتوانین بڵێین قوتابخانەی قاسملوو نوێنەرایەتیی جۆرێک لە ناسیۆنالیزمی مۆدێرن دەکات کە دەکرێ ناوی بنێین "ناسیۆنالیزمی دووربین و ستراتیژی". تایبەتمەندییە سێ قۆڵییە کێشەساز و بەرجەستەکانی ئەم قوتابخانەیەش بریتین لە: سێکۆلاریزم (جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات)، مۆدێرنیزم (هاوسەنگبوون لەگەڵ جیهانی نوێ) و دێموکراسی (باوڕمەندبوون بە سندووقی دەنگدان و مافی هاووڵاتیبوون).
ئەمڕۆکە ئەم سێ پایەیە، بە پێچەوانەی ناسیۆنالیزمی کلاسیکی خێڵەکی و دروشمبازی، بڕبڕەی پشتی گفتوگۆکانن لە سیمینارەکان، کۆبوونەوە سیاسییە قووڵەکان، کۆڕە ڕۆشنبیرییەکان و بە تایبەت لە ناوەندە ئەکادیمی و زانکۆکاندا. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ وەرچەرخان، هۆشیاریی فیکری و گۆڕانکارییەکی مەزن و بەنرخ لە هۆشیاریی نەتەوەیی گەلی کورددا کە ڕیشەکەی دەچێتەوە سەر ئەو تۆوەی قاسملوو ساڵانێک لەمەوبەر چاندبووی.