کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی خانەنشینان لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا: "ژن، ژیان، ئازادی" بووە هێمای یەکیەتی و ڕزگاریی کۆمەڵایەتی

12:12 - 25 خەرمانان 2726

یەکیەتیی خانەنشینانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی ڕایگەیاند، بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" سیمای خەباتی کۆمەڵگەی گۆڕی و توانی داواکاریی ناوچە پەراوێزخراوەکان بباتە ناوەندی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری وڵاتدا.

لە بەیاننامەکەی یەکیەتیی خانەنشیناندا ئاماژە بە دەسبەسەرکردن و شەهیدکرانی ژینا ئەمینی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ تاران لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە کراوە و هاتووە کە "گیانلەدەستدانی بەناحەقی ژینا، پڕشنگێک بوو کە ئاگری تووڕەیی کەڵەکەبووی ساڵانێک جیاکاری و سەرکوتی خۆش کرد."

بەیاننامەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم بزووتنەوە پێشڕەوە توانیی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە نێوان ناوەند و پەراوێزدا سەرەوژێر بکاتەوە و داواکاریی ژنان، کەمینە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان و چینە چەوساوەکان بکاتە تەوەرەی سەرەکیی تەواوی داواکارییە گشتییەکان.

لە بەشێکی دیکەی بەیانییەکەدا هاتووە کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە ڕیشەی لە خەباتی ژنانی کوردستاندا هەبوو، بووە هێمای یەکیەتیی فرەچەشنییەکانی ئێران؛ دەنگێک کە لە ناوچە سنوورییەکانی وەک کوردستان و بەلووچستانەوە بەرز بووەوە و سەلماندی ئازادیی ژن بنەمای هەر جۆرە ڕزگارییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە.

بەیانییەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سەپاندنی کردەیی مافی هەڵبژاردنی پۆشش لەلایەن ژنانەوە، دەستکەوتێکی جێگیری ئەم بزووتنەوەیە کە ڕۆژانە بە خۆڕاگری پارێزگاری لێ دەکرێت.

یەکیەتیی خانەنشینان ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەرچی بەردەوامیی ئەم خەباتە ڕووبەڕووی سەرکوتی توند و بارودۆخێکی ئاڵۆز بووەتەوە، بەڵام ئەم بنبەستە بە بەردەوامی نامێنێتەوە؛ چونکە توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لە ژنان و چەوساوانەوە تا ڕەوتە پێشکەوتنخوازەکان، ڕێگە نادەن ئامانجەکانیان لە نێوان کۆنەپەرستیی نێوخۆیی و دەستوەردانی دەرەکیدا لەنێو بچن.