کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مۆریتانی باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی لەسەر پێشێلکاریی دیپلۆماسی بانگ کرد

16:03 - 25 خەرمانان 2726

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی مۆریتانی، جەواد ئەبووعەلی ئەیووبی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە نەواکشۆت بانگ کرد و یادداشتێکی ناڕەزایەتیی توندی ڕادەست کرد.

ئەم ڕێکارە دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە باڵیۆزی تاران بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی وڵاتی خانەخوێ، سەردانێکی سەربەخۆی بۆ گوندی "بۆسدێرە" لە ڕۆژاوای مۆریتانی ئەنجام دا.

لە بەیاننامە فەرمییەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ڕەفتارەکانی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی پێچەوانەی عورفی دیپلۆماسی و ڕێساکانی سەروەریی خاکی مۆریتانیان.

نەواکشۆت هۆشداریی دا کە بەردەوامیی پەیوەندییەکان بەستراوەتەوە بە ڕێزگرتن لە یاساکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی.

هاوکات پۆلیسی مۆریتانی سێ هاووڵاتیی ئەو گوندەی بەهۆی میوانداریکردنی باڵیۆز و تەقەکردنی هەوایی لە کاتی پێشوازیکردنیدا دەسبەسەر کرد.

چالاکییەکانی دیپلۆماتکارانی ڕێژیمی ئێران لە ئەفریقا کەوتوونەتە ژێر چاوەدێریی توند؛ پێشتریش ئامادەبوونی ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی حیزبی ئۆپۆزسیۆنی "تەواسوول"(نزیک لە ئیخوانولموسلێمین)، ناڕەزایەتیی بەربڵاوی لە وڵاتەکەدا لێکەوتبووەوە.