کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤانس: شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێ دەنێتە قۆناغێکی بەتەواوی جیاوازەوە

15:59 - 25 خەرمانان 2726

جەی‌دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە یەک دوو مانگی داهاتوودا دەچێتە "قۆناغێکی بەتەواوی جیاوازەوە" و جەختی کردەوە کە دەبێت ڕێگە لە دووبارە بنیاتنانەوەی توانای سەربازی و ئەتۆمیی ڕێژیمی تاران بگیرێت.

جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا بە "نیویۆرک پۆست"ی ڕاگەیاند، قۆناغی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوە کە بریتی بوو لە تێکشکاندنی بەرنامەی ئەتۆمی، لەنێوبردنی توانای سەربازیی باو و وتیشی کە بێبڕستکردنی توانای هەژموونی ڕێژیم گەیشتووەتە کۆتایی.

بە وتەی ڤانس، قۆناغی دووەم بریتی دەبێت لە دڵنیابوونەوە لەوەی کۆماری ئیسلامی نەتوانێت ئەم توانایانە بنیات بنێتەوە و هاوکات سەقامگیریی جیهانی بپارێزرێت.

ڤانس بە هاوڕاوبوون لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانی دۆناڵد ترامپ جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران تا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا، کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا لەدەست دەدات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا هاتوچۆی کەشتیوانی لەم ڕێڕەوە گرنگەدا گەیشتووەتەوە زیاتر لە ٥٠٪ی ئاستی ئاسایی خۆی، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە تایبەتەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا بەشێکی زۆری ناوچەکەیان لە مین پاک کردووەتەوە.

جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە ئێستا واشنگتۆن لە ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانەدا نییە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامییە کە جارجارە تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکات و زۆربەی هەوڵەکانیشی شکست دەهێنن.

ڤانس جەختی کردەوە کە بڕیاری کۆتاییهێنان یان دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دەستی ترامپ وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە و ڕایگەیاند: "ئامانجی سەرەکی ڕێگرییە لە دووبارە بەهێزبوونەوەی دەسەڵاتی تاران."