کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند لە سەرەتای مانگی جولای ٢٠٢٦وە هەتا ئێستا، لانیکەم ١٥ لاوی کورد لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کامێران ٣ کەس، سەراوڵە منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ، شاباد یەک کەس، بیجاڕ یەک کەس، دێهلوڕان یەک کەس، بۆکان ٢ کەس، سەقز ٢ کەس و مەهاباد یەک کەس لەو مانگەدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لانیکەم ١٠ لاوی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارە دراون.
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا لە بەشی تایبەت بە کۆڵبەراندا ئاماژە بە کوژرانی کۆڵبەرێکی خەڵكی بانە بە ناوی موتەلیب خەیبەری و برینداربوونی دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی ئاکۆ ساڵحی خەڵكی بانە و کۆڵبەرێکی دیکە خەڵکی مەریوان بە ناوی محەممەد نادری کراوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە "وەک کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیگەرانیی جیددیی خۆمان سەبارەت بە لەسێدارەدان، ڕەشبگیری و کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕادەگەیەنین".