لە درێژەی گوشارە ئەمنییەتییەکان و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی موجتەبا و مەیسەم وەیسی لە کرماشان، هێزەکانی ڕێژیم دوو ئەندامی بنەماڵەی وەیسیان دەسبەسەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، "فروود وەیسی" تەمەن ٣٥ ساڵ و برای مەیسەم و موجتەبا و "فەرهاد غەفووریزاده"، کوڕی پووریان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم لە شاری کرماشان دەسبەسەر کران.
ئەم دەسبەسەرکردنە هاوکات بووە لەگەڵ ئامادەکاریی بنەماڵەکەیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی ئەو دوو برایە کە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە بچێت.
مەیسەم و موجتەبا وەیسی، چالاکوانی مەدەنی، وەرزشوان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بوون کە بەهۆی بەدواداچوونی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ڕابردووەوە، ناچار بە ژیانی نهێنی ببوون و دواجار لە ٧ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، لە ئەنجامی گەمارۆدان و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ناوچەی داڵاهۆ شەهید کران.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی فروود و فەرهاد لەبەر دەستدا نییە.