ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، ڕێژیمی ئێران بە شێوازێکی سیستماتیک، سەرکوت و گوشارە ئەمنییەتییەکانیان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد قورستر کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم ماوەیەدا لانیکەم ٤٦ بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون کە ٨ کەسیان بەندکراوی سیاسین و ١٢ لەسەدی کۆی گشتی سێدارەکان لە ئێران لەخۆ دەگرێت.
هاوکات لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا، ٢٩٠ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لەژێر ئەشکەنجەدا شەهیدبوونە، کە لە نێویاندا ٢٣ منداڵ و ٢٤ ژن هەن. هەروەها ٥ هاووڵاتیی مەدەنی لە شارە جیاوازەکاندا کراونەتە ئامانج و کوژراون.
لە ڕەهەندێکی دیکەوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان زیاتر لە ١٠ هەزار هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کردووە کە ناسنامەی ٨٦١ کەس، لەوانە ٧١ منداڵ و ٦٩ ژن پشتڕاستکراوەتەوە.
دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم سزای سێدارەی بەسەر ٤ چالاکواندا سەپاندووە و ٢٧ هاووڵاتیی تریشی سەرجەم بە پتر لە ١٠٦ ساڵ بەندکردن و ٢٧٥ زەربەی قامچی سزاداوە.
هەروەها لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶ی زایینی، لانیکەم ۳ ژنی کورد لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون.
لە کۆتاییدا، تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ٦ کۆڵبەر و بەهۆی تەقینەوەی مین، منداڵێک و گەنجێک گیانیان لەدەستداوە.