کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسی مامۆستایەکی زمانی کوردی و دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی دیکە

10:06 - 21 پووشپەڕ 2726

شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و توندوتیژیی سیستماتیک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دژی چالاکوانان و هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە و سێ هاووڵاتی لە شارەکانی ورمێ، مەهاباد و ئەسەدئاوا دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی "یووسف کولۆنەک‌زاده"، وەرگێڕ و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی ورمێ، ناوبراو هێشتا بە شێوەیەکی ناڕوون لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەدا ڕاگیراوە و دادگا ڕێگەی بە ئازادکردنی کاتیی ناوبراو نەداوە.

هاوکات لە شاری مەهاباد، چالاکوانێکی کولتووری بە ناوی "مەتین فەرامەرزی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە ناو پارکێکدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ڕایگەیاند کە کاتژمێر ١ی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئێلیاس قاسمی" لە شارۆچکەی ئاجینی سەر بە ئەسەدئاوا.

هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا، لە بەردەم چاوی هاوژین و منداڵە بچووکەکانیدا توندوتیژیی جەستەیی زۆریان بەکار هێناوە و لێیان داوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم سێ هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و لە مافی گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.