بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی ٤ هاونیشتمانی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە بەندیخانەکانی شیروان و کرماشان جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، سزای لەسێدارەدانی دوو هاونیشمانیی کورد و خەڵکی خوراسان بە ناوەکانی "محەممەد ئیمانی" و "ئەسەد عەلیجانی" لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری شیروان لە پارێزگای خوراسانی باکوور جێبەجێ کرا.
ئەو دوو هاونیشتمانییە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لەلایەن بەناو دادگاکانی ڕێژیمەوە ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد و خەڵکی پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی "مەحیەدین عەبدوڵڵاهی" و "حوسێن پاڵانی جاف" کە پێشتر بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە ئەندامەتی لە گرووپە توندڕەوە ئاینییەکان و "بەغی" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کرا.