ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٣ ژوئیەی ٢٠٢٦ زایینی)، دەوڵەتی بریتانیا لە هەنگاوێکی بەرپرسانە و بوێرانەدا، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی خستە نێو لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکانی بریتانیا؛ بڕیارێک کە کۆمەڵێک دەرەنجامی یاسایی لێ دەکەوێتەوە و کۆتایی بە جموجۆڵە تێرۆریستییەکانی ئەندامان و دەستوپێوەندەکانی سوپای پاسداران لەو وڵاتە دێنێ. فشارهێنان و تەریک خستنەوەی گەورەترین دامەزراوەی دەوڵەتی کە سپۆنسەری سەرەکیی تیرۆریزمە لە جیهاندا، هەم هەنگاوێکی یاسایی بەجێیە و هەم پێویستییەکی مێژوویی و ئەخلاقییە بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی و چەسپاندنی دادپەروەری.
ڕەوتی بە تێرۆریستناساندنی سپای پاسداران کە سەرەتا لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکا و دواتر دەوڵەتانی بەحرەین، عەرەبستان، کانادا و سوئێد ڕاگەیەنرا و ئێستاش دەوڵەتی بریتانیای پێوە زیاد بووە، لەگەڵ ئەوەی بڕیارێکی دروست و بەجێیە و بەشێوەیەکی جیددی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی دەخاتە ژێر گوشارەوە، بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کۆمەڵێک دەلالەتی گرینگ و پەیامی هیوابەخشی تایبەتی تێدایە.
بە تێرۆریست ناساندنی ڕێکخراوی سپای پاسداران لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ و ڕێک لەو کاتەدا کە گەلی کورد و تێکۆشەرانی حیزبی دیمۆکڕات یادی ٣٧ ساڵەی تێرۆری سەرکردەی ناوداری کورد دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی دەکەنەوە، هەم وەک مەرهەمێکە لەسەر برینێکی مێژوویی و هەم گومانێکە لەسەر ئەرکی دادپەروەرانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
سەرکوتی ٤٧ ساڵەی گەلی کورد و تێرۆری ڕێبەرانی ئاشتیخوازی وەک دوکتور قاسملوو ڕێک لەسەر میزی وتووێژ و دواتر دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لە دڵی ئورووپای ئازاددا، زۆر پێش دەسەڵاتدارانی جیهانی ئازاد، ماهییەتی ئەو ڕێژیمە و سپای پاسداران وەک جێبەجێکەری پیلانە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ڕێژیمی بۆ گەلەکەمان ئاشکرا کردبوو و هاواری گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ بڕینی ئەو دەستە نزیک بە ٥ دەیەیە بەرز کراوەتەوە. ئێعدامە سەحرایی و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان، کۆمەڵکوژییەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، سەوزی و سەرچنار و قەلاچۆی دەیان گوندی دیکەی کوردستان، بۆردومانی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی تێکۆشەرانی کورد لە باشووری کوردستان و تێرۆری زیاتر لە ٥٠٠ کادر و پێشمەرگە و ئەندامی هێزە خەباتکارە کوردەکان لە باشووری کوردستان کە بەشی هەرەزۆری ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن و هەروەها تێرۆری دەیان کەسایەتیی سیاسیی دژبەری ڕێژیم لە وڵاتانی ئورووپا، تەنیا چەند نموونەیەکن لەو سەدان کردەوە تێرۆریستییەی سوپای پاسداران کە هەر کامیان بەتەنیا دەتوانێ بەڵگەی تەواو و یەکلاکەرەوە بێ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی سەلماندنی تێرۆریست بوونی ئەو دامەزراوە دەوڵەتییە تێرۆریستی و سەرەتانییە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان!
دەوڵەتانی ئازاد و پێشکەوتووی جیهان!
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ!
ئێستا دوای تێپەڕینی ٤٧ ساڵ بەسەر تەمەنی نگریس و پڕ لە جینایەت و ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و سوپای تیرۆریستی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە هەموو جومگە سەرەکییەکانی هێز و بڕیاردانی کۆماری ئیسلامیی بەدەستە، پێویستە بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرا بێ کە ئەمنییەت و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەبێ کۆتاییهێنان بە گەورەترین ڕێژیمی سیاسیی پشتیوانی تێرۆر، واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران نایەتەدی. ئیتر چەتەگەریی دەریایی سوپای پاسداران لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان وەک گەرووی هورموز کە بۆتە هۆی بە بارمتەگرتنی ئابووریی نێودەوڵەتیی و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی زۆربەی دانیشتوانی جیهان دروست کردوە، دەبێ جیهانی بەو قەناعەتە گەیاندبێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەکیترین پابەندیی نیودەوڵەتیی خۆی کە لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە و ئێران ئیمزای لەسەر کردوە، بەتەواوی پێشێل کردوە. بەو پێیەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەریەتی لەلایەک پشتیوانیی لە گەلانی ئازادیخوازی ئێران و بەگشتی سەرجەم ئازادیخوازانی جیهان بکا بۆ کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتدارەتییە و لەلایەکی دیکەوە ئەرکی سەرەکیی خۆی لە گێڕانەوەی ئەمنییەتی نیودەوڵەتی بە پێکهێنانی هەرەوەزییەکی نێودەوڵەتی دژی ئەو ڕێژیمە بەجێ بگەیەنێ.
حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران وەک قوربانیی سەرەکیی تێرۆریزمی سوپای پاسداران کە تا ئێستا و سەرەڕای جۆرێک لە ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل، هەروا درێژە بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ژن و منداڵی تێکۆشەرانمان دەدا، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لەو بڕیارەی دەوڵەتی بریتانیا بۆ کورتکردنەوەی دەستی سوپای تیرۆریستی پاسداران، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ دەکا هەموو هەوڵەکانیان بۆ فشارهێنانی پتر بۆ سەر ڕێژیم و خستنە ژێر پرسیاری مەشرووعیەتی کۆماری ئیسلامی لەپێناو گێڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی بۆ گەلانی ئێران بخەنەگەڕ. حیزبی دێموکرت لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لە خەبات دژی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستی و سەدەنێوەڕاستییە ڕادەگەیەنێ.
حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٤ی ژوئیەی ٢٠٢٦ی زایینی)