کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای قورس بەسەر هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی بۆجنوورد

10:52 - 27 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوە مافی مرۆییەکان، هاونیشتمانییەکی کوردی خەڵکی بۆجنوورد و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سزای قورسی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، یاسر ڕێحانی هاونیشتمانیی کوردی خەڵکی شاری بۆجنوورد و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم"، هاوکات سێ سزای قورسی بەسەردا سەپا.

ناوبراو سزای ٢ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران، لێدانی ٨٠ قامچی و پێبژاردنی پارەی نەختی بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ناوبراو و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کرد و دوای مانگێک لە دەسبەسەرکرانی لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغی دادگاییکردن لە بەندیخانە ئازاد کرا.