کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی هاونیشتمانییەکی کرماشانی دوای ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی

10:29 - 30 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ئارش مەحموودی، هاونیشتمانیی خەڵکی کرماشان ماوەی ١٠ ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا چارەنوووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

هەواڵدەریی مافی مرۆیی "هێرانا" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ، ئارش مەحموودی هاونیشتمانیی خەڵکی کرماشان لە شوێنی کاری خۆیدا لەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ هۆکار و نیشاندانی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە.

ناڕوونیی چارەنووسی ئەو بەندکراوە کوردە، نیگەرانیی جیددیی بنەماڵەکەی لێ کەوتووتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبووەنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم گوشارەکانیان بۆ سەر چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان چڕتر کردووەتەوە و دەیان چالاکی بواوە جیاوازەکانیان بەبێ هۆکار لە ڕەوتی ڕەشبگرییەکی نوێدا دەسبەسەر کردووە.