کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپا: لە شەش مانگدا زیاتر لە ١٤٠٠ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە

11:12 - 30 پووشپەڕ 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" لە ڕاپۆرتێکی گشتگیردا ئاماری پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶دا بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەم ماوەیەدا هەزار و ٤٣١ حاڵەتی ڕاستەوخۆی پێشێلکردنی مافی ژیان، ئەشکەنجە و دەسبەسەرکردن تۆمار کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا ناسنامەی ٢٣١ هاووڵاتیی کوژراوی کورد (لەوانە ۱۵ ژن و ۲۰ منداڵ) پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم شەهید کراون.

هەروەها لەم ماوەیەدا ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و ٦٥٤ کەسی دیکەش دەسبەسەر کراون کە بەرەوڕووی ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دانپێدانانی زۆرەملێ بوونەتەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە مێلیتاریزەکردنی شارەکان و بەکارهێنانی زیاتر لە ٤٠ بنکەی گشتی و مەدەنی لەوانە نەخۆشخانە و قوتابخانەکان وەک قەڵغانی مرۆیی کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ئەنجامی شەڕ و هێرشە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە هاویشتنی زیاتر لە ٨٣٠ مووشەک و دڕۆن، ٢٠ کەس (لەوانە پێشمەرگە و هاووڵاتیی مەدەنی) شەهید بوون و کەمپەکانیش وێران کراون.

لە بەشی قوربانییانی مین و کۆڵبەرانیشدا، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە لەم شەش مانگەدا ٢ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ٦ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بوونەتە قوربانی (٢ کوژراو و ٤ بریندار).

کوردپا جەخت دەکاتەوە کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، کۆی گشتیی ٢ هەزار و ٦١٣ کۆڵبەر و لە ١٤ ساڵی ڕابردووشدا ٤٨٣ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.