کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کۆڵبەرێکی ١٨ ساڵە لە سنووری نۆدشە بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم

14:31 - 2 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کۆڵبەرێکی لاوی ١٨ ساڵە بە ناوەی "سوھەیل فیردەوسی"، خەڵکی گوندی "دزاوەر" سەر بە شارۆچکەی نەوسوود، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ڕێژیم لە نۆدشە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لە هێڵی سنووری نۆدشە ڕووی داوە؛ کاتێک هێزەکانی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوە و هۆشداریی پێشوو، کۆمەڵێک کۆڵبەریان داوەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ.

لە ئاکامی ئەم پەلاماردانە، "سوھەیل فیردەوسی" فیشەک بەر سکی کەوتووە و دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکەدا گیانی لەدەست داوە. پاشان تەرمی ئەم کۆڵبەرە لاوە بۆ پزیشکی دادوەریی پاوە گوازراوەتەوە.

هەنگاو پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی پووشپەڕ، لە بەرزاییە سنوورییەکانی گوندی "بەلەجووک"ی سەر بە ناوچەی کۆتۆل لە شاری خۆی، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢١ ساڵی کورد بە ناوی "ڕەسوول قەلەندەری"، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراوە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی هەنگاو، ڕەوشی ئەمنییەتیی ناوچە سنوورییەکان و پەلاماردانی کۆڵبەران بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە و ماوەی کەمتر لە سێ حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٥ کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود، سەوڵاوا، مەریوان و کۆتۆل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.