بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، لاوێکی کوردی کرمانج و خەڵکی شاری بۆجنورد بە ناوی فەرهاد باغچەقی و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لەلایەن بەناو دادگاکانی ڕێژیمەوە دوو سزای قورسی جیاوازی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، فەرهاد باغچەقی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی سەرەڕۆیانە ماوەی ٢ مانگ دەسبەسەر کرابوو، لەم دواییانەدا، لقی بەناو دادگای کەیفەریی ڕێژیم لە بۆجنوورد، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپاند.
ئەو لاوە کوردە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئارامیی گشتیی خەڵک لە ڕێگەی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان" و "تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکان لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرک"ی خراوەتە پاڵ.
ناوبراو ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای دوو مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی و ڕاگیرانی لە ژووری تاکەکەسیی تایبەت بە دەسبەسەرکراوانی ئەمنییەتی لە بەندیخانەی بۆجنوورد، بە دانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.