کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی کوردپا لەسەر دۆخی کارەساتباری بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان

13:37 - 3 گەلاوێژ 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بە پشتبەستن بە زانیاریی دەسبەسەرکراوێکی مانگی بەفرانبار، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی کارەساتباری بەندی ٩ی بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان کە تایبەت بە بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتییە، بڵاو کردەوە.

لەو ڕاپۆرتەی کوردپادا هاتووە کە دۆخی بەندی ٩ی بەندیخانەی دێزڵاوا،  بەندیخانەیەکە لەنێو بەندیخانەدا و ناڕوونیی چارەنووسی بەندکراوان، درێژکردنەوەی ماوەی بەندکران بەبی هۆکار، ئەشکەنجەی بەردەوام، توندوتیژیی وەحشیانە، بێبەریکردن لە مافی سەرەتایی چاوپێکەوتن و پێوەندی بە بنەماڵە و گرتنی پارێزەر، بوونی هەمیشەیی مۆرەی ئەمنییەتیی ڕاسپێردراو لەنێو بەند و دۆخی نامرۆڤانەی ڕاگرتنی بەندکراون لە کێشە و گرفتەکانی بەندکراوانی ئەو بەندەیە.

هەروەها ئەو بەندکراوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە کە بەندی ٩ وەکوو کەرەستەی دروستکردنی فەزای ترس و دڵەڕاوکێی سیستماتیک، سەرکوتی ناڕازییان و بنەماڵەکانیان کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، دۆخی نالەباری بەندیخانەکان، شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان و ئەگەری لەسێدارەدانی چەند بەندکراوێکی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە نیگەرانیی جیددیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی بواری مافی مرۆڤ و بنەماڵەی بەندکراوانی لێ کەوتووەتەوە.