بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، هەرکام لە هاونیشتمانییان ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە مانگی جۆزەرداندا لە سێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، دوو هاونیشتمانی کورد بە ناوەکانی ئەشكان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار بەبێ هۆکاری دەسبەسەر کرابوون و لە بڕیارێکی نادادپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانیانیان بەسەردا سەپابوو، ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە سێدارە دراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەشکان مالکی تەمەن ٣٧ ساڵ، سەڵت و باوکی کچێکی ١١ ساڵە و کوڕێکی ٤ ساڵان و خەڵکی قوروە بووە و لە مەیدانی تەڕەباری تاراندا کرێکاری کردووە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ئەو هاونیشتمانییە لە ماوەی ٥ مانگ دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەش کراوە و ڕێژیم پارێزەری دیاریکراوی خۆی بۆ دیاری کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، ئەو لاوە کوردە هەرچەند لە دادگای ڕێژیمدا بە قورئان سوێندی بێتاوانی خواردبوو، بەڵام بەناو دادوەرەکانی ڕێژیم بەبێ گوێدان بە سوێند و بەڵگەی سەلمێندراوی بێتاوانیی ناوبراو و دوور لە هەر بڕیارێکی دادپەروەرانە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاند.
هەروەها مێهرداد محەممەدینیا هاودۆسییەی ئەشکان، ٢٧ ساڵە، کرێکاری سادەی خەڵکی قوروە لە ڕەوتی دادگاییەکی هاوشێوەدا و لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە تاران دەسبەسەر کرا و لە ١١ی جۆزەرداندا هاوکات لەگەڵ ئەشكان لە سێدارە درا.
بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، ئەو دوو هاونیشتمانییە لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگیراوە و تۆمەتی "ئاگردانی حەوزەی علمییە" و "سیخوڕی بۆ وڵاتانی نەیار"یان خراوەتە پاڵ.
هەواڵدەریی "میزان" سەر بە هێزی بەناو دادوەری ڕێژیم هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو لاوە کوردەی دوێنی شەممە ٣ی گەلاوێژ و دوای نزیک بە دوو مانگ لە دەسبەسەرکرانیان بڵاو کردەوە.