کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای قورس بەسەر چەند هاونیشتمانییەکی کوردی خوراسان

10:33 - 5 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی گوشاری سەرەڕۆیانەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دژ بە هاونیشتمانییانی کوردی کرمانجی خۆراسان، زانیاریی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان باس لەوە دەکەن کە سێ هاونیشتمانیی کوردی کرمانج لە خوراسان و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە چەندین سزای جیاوازیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، سەعید باغچەقی، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی بۆجنوورد، لەلایەن لقی ۱۰۳ی بەناو دادگای سزاکانی ڕێژیمەوە لەم شارە سزای دوو ساڵ و چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ۱۹ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە عرفان سەجادی، لاوی ۲۰ ساڵانی کوردی کرمانج و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شارۆچکەی بۆجنوورد، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» لە نەبوونی خۆیدا، سزای ۶ مانگ زیندانیکردنی داسەپاو و ۲۰۰ میلیۆن تۆمان سزای نەختیی بەسەردا سەپێنراوە.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، عرفان سەجادی ڕۆژی ۱۸ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە.

ئەم لاوە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی کورپا، عادڵ ڕەئیس قەنواتی، لاوی دیکەی کوردی کرمانجی خۆراسان و یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار و خەڵکی ئاشخانە، سزای ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپاوە.

ئەو لاوە کوردە پێشتر لە ٢ دۆسییەی جیاوازدا، تۆمەتی "تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە حکوومەتییەکان"ی درابوویە پاڵ.