کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی خەڵکی مەڵکشایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

09:05 - 10 پووشپەڕ 2726

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری "مێهران"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی "سەعید ئاسارە" دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی سێشەممە ٩ی پووشپەڕ، سەعید ئاسارە خەڵکی شاری مەڵکشایی و دانیشتووی شارۆچکەی ئیسلامی سەر بە شاری مێهران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەنگاو لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاند کە دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە سەرەڕۆیانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەنجام دراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەی سەعید ئاسارە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و دۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستی، هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و چارەنووسی نادیارە.