
ڕەزا دانشجوو
لەم ڕۆژانەدا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تاقمێک هەواڵ سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، هەندێک کەس بە شێوەیەک خەریکی بڵاوکردنەوەی کەشی نائومێدی و بێهیوایی لەنێو بزووتنەوەی جەماوەریی گەلانی ئێران بەگشتی و بە تایبەت بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین؛ وەک ئەوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ڕێژیمی ویلایەتی فەقێهـ تاکە ئاڵتێرناتیڤ و ڕێگەچارەی ڕزگارکردنی ئێران لە دیکتاتۆرییەت بووبێت و ئێستا و لە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوانیان هەموو شتێک کۆتایی دێت!
بەبێ گوێدان بەوەی کە ئەگەری ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی دەسەڵاتدارانی تاران تا چ ڕادەیەک دەتوانێت واقیعی بێت، بەدڵنیایییەوە ئەم جۆرە بیرکردنەوە و لێکدانەوانە هەڵقوڵاوی مێشکی هەندێک کەسی تازەپێگەیشتووی بەناو چالاکی سیاسییە کە گەورەترین چالاکیی سیاسیی ژیانیان بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێکی دژی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و کۆی ژمارەی ساڵانی چالاکییە بەناو سیاسییەکانیان تەنانەت ناگاتە چەند ساڵ!
ڕەنگە ڕەوتی بەناو سەڵتەنەتخواز کە لەم ساڵانی دواییدا و بێ هیچ بنەمایەکی ڕوونی فکری و پاشخانی کۆمەڵایەتی وەک هەرێس و ئاڵاخ لە هەموو شوێنێک شین بوون و سەریان وەدەرناوە، لەژێر کاریگەریی ئەم شێوازە بیرکردنەوەدا بێت؛ بەڵام ئەم شێوازە بیرکردنەوە ژەهراوی و بێ ڕەگ و ڕیشەیە لەکوێ و بزووتنەوەی ڕەسەن و خاوەن مێژوو و بنکە و پاشخانی فراوانی جەماوەریی کوردستان لەکوێ!
چاوخشاندنێک بە خەسڵەتە ناوازەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم بزووتنەوەیە چەندە سەربەست و سەربەخۆ و نەبەستراوە بە ڕووداوە جۆراوجۆرەکان بووە و لەوەش گرنگتر خاوەنی چ توانایەکی ناوازەیە لە خۆڕێکخستنەوە و سەرهەڵدانەوە لە دوای زۆر ئاستەنگ و بارودۆخی نەخوازراو. لە ڕاستیدا دەرکەوتن و هاتنە کایەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بەرهەمی ساڵانێک لە ستەم و هەڵاواردن و نکۆڵیکردن لە سەروەری و مافە ڕەواکانی گەلی کورد بووە، نەک ویست و داخوازی و فەرمانێکی دەرەکی! بە واتایەکی تر سازبوون و دەستبەکاربوونی زۆربەی ڕێکخراوە و حیزبەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە وەڵامی داواکاری و ئیرادەی میلیۆنان کورد بووە، نەک ویست و بڕیاری حکوومەتێکی بیانی یان تەنانەت بیرێکی سیاسیی دیاریکراو و بزووتنەوەیەکی فکریی کۆمەڵایەتیی هاوردە!
ڕەنگە ڕەوتی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی سیاسیی کوردیدا کاریگەر بووبێت، بەڵام مۆدێلی ئەم بزووتنەوەیە سیاسییە بە تێپەڕبوونی کات فۆرمێکی تەواو ڕەسەن، یان بە واتایەکی دیکەی کوردیی وەرگرتووە. لە ڕاستیدا هێزی باڵادەست و فاکتەری بنەڕەتی و دیاریکەر ئیرادەی گەلی کورد بووە کە هزری سیاسیی هاوردەی لە قاڵب و ویست و داخوازییەکانی خۆی ڕێکخستووە! لە ڕاستیدا جەوهەر و قاڵب و فۆرمەکە کوردی بووە و ڕەنگە تەنیا ماددە و مەتریالەکە هاوردە بووبێت!
خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کە بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵانە لە خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورد، حکوومەتەکانی ناوچەکە و زلهێزەکانی جیهان ڕوانگەیەکی تەواو کاتی و جیاوازیان سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد هەبووە و چاوخشاندنێکی کورت بە ڕەوتی پێشهاتەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زۆرینەیان چ لە گۆڕەپانی ناوچەیی و چ لە گۆڕەپانی جیهانیدا، لە زۆربەی کاتەکاندا ڕۆڵی لەمپەر و بەربەست و ڕێگریان هەبووە هەتا پشتیوان و هاوکار و یارمەتیدەر. لە ڕاستیدا کەم نین ئەم حکوومەتانەی هەوڵیان داوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار بێنن و لەو سۆنگەیەوە زۆر جار خەڵکی کوردستان بەگشتی و حیزبەکانی کوردستان بەتایبەت بوونەتە قوربانیی مامەڵە و سەودا و ڕێککەوتنە شاراوە و نهێنییەکانی نێوان دەسەڵاتە داگیرکەر و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و زلهێزەکانی جیهان.
چاوخشاندنێکی کورت بەسەر ڕابردوودا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەمیشە لە کاتە گرنگ و هەستیارەکاندا و لە کاتێکدا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد زۆر لە ئازادی و گەیشتن بە ئامانجەکانی نزیک بۆتەوە، چۆن زلهێزە جیهانی و داگیرکەرانی کوردستان بوونەتە ڕێگر و ئاستەنگیان بۆ دروست کردووە. مێژوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن جوغرافیای دیلکراوی کوردستان لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ترسناک و بڕیارێکی نابەجێ و ناحەق پارچەپارچە کراوە و چۆن گەمەی دەسەڵات لە ناوچەکە و جیهاندا، هەر جارێک کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ئازادی و سەربەخۆیی خۆی دابێت، بەرانبەری وەستاون. هەر لە پشتتێکردنی سۆڤیەت لە کۆماری کوردستانەوە هەتا گوشارە ناوچەیی و جیهانییەکانی دوای ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان، تا تەنیا چەند مانگێک لەمەوبەر و هاوپەیمانیی ڕوونی ئەمریکا و تورکیە و عەرەبەکانی ناوچەکە لەگەڵ ڕێژیمی ئەحمەد ئەلشەرع دژی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان.
کەواتە، زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژە بە دوو خاڵ بکرێت؛ یەکەم: بەپێچەوانەی هیندێک قسەی بێبنەما و هەڵبەستەی دوژمنانی کورد، بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لەسەر بنەمای ویست و داخوازیی خەڵکی کوردستان دامەزراوە، نەک هیچ دەسەڵاتێکی ناوچەیی و جیهانی. دووەم: ئەگەر پشتیوانییەکیش بووبێت، زۆر سنووردار و کاتی بووە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم پشتیوانییە لە کۆتاییدا گۆڕاوە بۆ پشتتێکردن و زیانی بە بزووتنەوەکە گەیاندووە.
دوا پرس و لە ڕاستیدا گرنگترین تایبەتمەندیی لانیکەم سەد ساڵی ڕابردووی مێژووی خەباتی گەلی کوردستان لە دژی دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دژی دوو حکوومەتی خۆسەپێنی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە سەرەڕای سەرکوت و تاوانکاریی بێبەزەیییانە دژی خەڵکی ڕزگاریخوازی کورد، دواجار بزووتنەوەیەکی زۆر گەورەتر و دینامیکتر لە دڵی ئەم سەرکوت و هەڵاواردنە لەدایک بووە.
سەرکوتی خوێناوی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی نەک هەر کۆتایی بە ناسیۆنالیزمی کوردی نەهێنا، بەڵکوو بوو بە خاڵی وەرچەرخان و پێناسەکردنەوەی دووبارەی ناسیۆنالیزمی کورد و دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە خەباتی سیاسیی کورد. لە ڕاستیدا ئەو نەمامەی کە پێشەوای شەهید هەشتا ساڵ لەمەوبەر چاندبووی، بە خوێنی هەزاران شەهید ئاو دراوە و ئێستا بووەتە دارێکی پان و بەرین و پڕ لق و پۆ کە ڕەگ و ڕیشەی بە پانتایی ئەم جوگرافیا بەندکراوەدا بڵاوبووەتەوە و ئیتر تەوەر و بیۆری هیچ داگیرکەرێک ناتوانێت زەفەری پێبەرێت. تەنانەت تێرۆرکردنی تاقمێک لە سەرکردە ناسراوەکانی کورد لە قۆناغە مێژووییەکانی دواتریشدا هەرگیز نەبووە هۆی پەککەوتنی ئەم ڕێبازە شکۆدارە. بەپێچەوانەوە، بزووتنەوەی ئەمڕۆی ئازادیخوازانی کورد زۆر ڕادیکاڵتر و هۆشیارتر لە ساڵانی ڕابردوو خەریکە ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنێت. ڕەنگە فۆرمی خەبات گۆڕابێت، بەڵام باوەڕمەندی بە شەرعییەتی ئەم خەباتە پیرۆزە و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەلی کوردستان لە هەموو کاتێک بەهێزتر لە گەشەداندایە.
ئەم توانایە ناوازەیە بۆ خۆڕێکخستنەوە و سەرهەڵدانەوە و لەدایکبوونەوە لە دڵی قەیرانەکاندا، ڕەگ و ڕیشەی لە ڕەوایی و ڕاستی و دروستیی خەباتی گەلی کوردستاندا داکوتاوە و تێپەڕبوونی کات نەک هەر نەبووەتە هۆی لەبیرچوونەوە و لەیادکردنی، بەڵکوو ڕۆحی تازە کردووەتەوە و ڕەنگ و بریقەیەکی تازەتری پێ بەخشیوە.
ڕاستی ئەوەیە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە هەموو ڕووداوە ناوچەیی و جیهانییەکان جیایە و فۆرمات و ڕەنگ و فۆرمی تایبەتی خۆی هەبووە و هەمیشەش بەردەوام بووە. ئەمە بەو مانایە نییە کە بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی کاریگەریی لەسەری نەبووە یان نایبێت. بەدڵنیایییەوە لە هەندێک کاتدا ڕەوتی ڕووداوەکان یارمەتیدەر و هاوکار و ڕێگەخۆشکەر بووە و بێگومان لە هەندێک کاتدا ڕۆڵی لەمپەر و بەربەستی گێڕاوە و خەباتی سەخت و دژوار کردووە. بەڵام بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ڕەگ و ڕیشەی لە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستاندایە و هیچ بەربەست و لەمپەرێک نەیتوانیوە و ناتوانێت ئەم شەپۆلە بەتین و توڕەیە ڕابگرێت! هەروەک باس کرا، ڕەنگە ئەم ڕووبارە خرۆشانە بەهۆی تاقمێک ڕووداوی نەخوازراو و هەلومەرجی تایبەت ناچار بووبێت ڕێگایەکی جیاواز هەڵبژێرێت، بەڵام تا ئەو کاتەی سەرچاوەکەی خەڵکی کوردستان بێت، هەمیشە لە گەڕان و خرۆشاندایە.
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت شیکردنەوە و لێکدانەوەی بەردەوامی ڕووداوە ناوچەیی و جیهانییەکان نەک کارێکی باشە، بەڵکوو پێویست و جەوهەرییە، بەڵام بەستنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بەو ڕووداوانەوە و لە ڕاستیدا بوون بە دیلی بڕیارە سیاسییەکانی حکوومەتە ناوچەیی و زلهێزەکان، هەڵەیەکی کوشندەیە. ئێمە تۆف و زریانی بێئەژمارمان تێپەڕاندووە، بەرگەی سەختیی بێئەژمارمان گرتووە؛ زریانگەلێک وەها سەخت کە هەر کامیان دەیتوانی کۆتایی بە چیرۆکی بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز بهێنێت. شەڕ یان ئاشتیی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا نابێت و ناتوانێت ببێتە هۆی هیچ پەککەوتنێک لە ڕێبازی بزووتنەوەی ڕەسەن و ڕەوای گەلی کورد بۆ مافەکانی.
خەبات بەردەوامە تا گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد، تا ئەو کاتەی دێموکراسییەکی گشتگیری ڕاستەقینە بەدەست دێت. سەرچاوەی ئەم ڕووبارە خرۆشانە، دڵ و ڕۆحی میلیۆنان کوردی ئازادیخوازە. ئەم ڕووبارە دەیان لافاو و وشکەساڵیی بەخۆوە بینیوە! سەدان بەربەست و بەنداوی تێپەڕاندووە! بەڵام هێشتا بەخوڕ و خرۆشانە و بە گڕوتینێکی ناوازە ڕێگە دەبڕێت بەرەو هەتاو، بەرەو ڕووناکی و بەرەو ئازادی. خەبات بەردەوامە!