کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕەوتی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە کوردستان

11:15 - 8 گەلاوێژ 2726

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەند هاونیشتمانییەکی دیکە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و هەروەهاش کوردانی کرمانجی خوراسان، لەلایەن ناوەندە داپلۆسێنەرەکانی ڕێژیمەوە یان دەسبەسەر کراون یان سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی خوراسان و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، سەرجەم سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی بۆجنوورد و ئاشخانە لە پارێزگای خۆراسانی باکوور بە ناوەکانی ئەمیرمەهدی نەعیمی‌فەر تەمەن ١٨ ساڵ، مێهدی ڕۆستەمی تەمەن ٢٥ ساڵ، سەید عەلیڕەزا سەیدی تەمەن ٢٦ ساڵ و یاسین سەرفەراز تەمەن ١٧ ساڵ و ئەندامی هەڵبژاردەی بۆکسی ئێران، لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە، سەرجەم بە ١٠ ساڵ بەندکردن، لێدانی قامچی  و ٥٠ میلیۆن تمەن سزای نەختییان مەحکووم کراون.

هەروەها عەلی قشڵاقی، لاوی تەمەن ١٩ ساڵان و کوردی کرمانجی خوراسان و لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو، بۆ بەندیخانەی بۆجنوورد ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەمان ڕێکخراو، پەیام حوسێنی، وەرزشکاری تەمەن ۱۸ ساڵان و خەڵکی شاری کامێران، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ۱ ساڵ بەندکران کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

لە درێژەی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە دەسبەسەرکردنی خوێندکارێکی خەڵکی شار مەهاباد بە ناوی میلاد مروەتی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کرد.

ئەو لاوە کوردە کتێبفرۆشی هەبووە و لە دوای دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.