سۆما ڕەحیمی، کچی وەزیر ڕەحیمی، ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٥٧ ساڵەی کە بەرەبەیانیی هەینی ١٢ی پووشپەڕ لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک داوای کرد خەڵک ببنە دەنگی باوکی و کۆڵبەرانی زوڵملێکراو.
سۆما بە ئاماژەدان بەوەیکە باوکی لە کاتێکدا تەقەی لێکراوە کە هیچ بارێکی پێ نەبووە و بە ناحەق کوژراوە وتی: "من کچە بچووکی ئەو پیاوەم کە هەنگی مەرزی بەزەیی پێدا نەهات. بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە هەر لەوێدا گیانی سپارد و دوێنێ بە دەستی خۆم بە خاکم سپارد."
ناوبراو داوا دەکات ڤیدیۆکەی بڵاو بکرێتەوە تا ڕای گشتی لەم تاوانە ئاگادار بێت و دەڵێت: "دەمهەوێت ببمە دەنگی هەموو ئەو کۆڵبەرانەی لە بێدەنگیدا دەکوژرێن."
وەزیر ڕەحیمی، باوکی پێنج منداڵ و خەڵکی گوندی "مەنسوورئاغایی" سەر بە شارۆچکەی شاهۆ بوو کە بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە، ٢٠ ساڵ بوو بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕووی لە کۆڵبەری کردبوو.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە هەشت ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢ هەزار کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون، کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بووە.