
شەماڵ تەرغیبی
شەوی چوارشەممە، ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥، جارێکی تر خاکی پیرانشار و گوندی قزقەپان شایەتی حەماسەیەکی خوێناوی شەش ڕۆڵەی چاونەترس، شەش پێشمەرگەی گیانبەخش و ئەندامی کاروانی سوورخەڵاتانی حیزبی دێموکرات بوو؛ کارۆ هۆرموزیاری، فەردین چەنگیزی، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەدئەمین بایەزیدی، شەش سەرچلی کاروانی خەباتی گەلەکەمان لە پێناو ئەرکێکی پیرۆزی سیاسی و نیشتمانیدا بوون کە بۆ پارێزگاری لە کەرامەتی نەتەوەکەیان سینگیان نایە بەر گوللەی داگیرکەران و شەهید بوون. ئەم ڕووداوە تاڵە، هەرچەندە برینێکی قووڵە لە جەستەی نیشتماندا، بەڵام هاوکات زەنگێکی بەئاگاهێنانەوەی گەورەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دڵیان بۆ ئازادی و کەرامەتی ئەم خاکە لێدەدات.
شەهیدبوونی ئەم پۆلە پێشمەرگەیە پێمان دەڵێت کە شەڕی مان و نەمان بەردەوامە و داگیرکەر لە هیچ تاوانێک سڵ ناکاتەوە، بەڵام لێرەدا، پرسیاری گرنگی ئەمڕۆ ئەوە نییە کە ئایا هێزی پێشمەرگە دەتوانێ لە ڕووی نیزامییەوە بەسەر دەوڵەتی ئێراندا سەرکەوێت یان نا؟! ئەم جۆرە پرسیارانە کێشەکە بۆ ئاستێکی تەسکی نیزامی دادەبەزێنن و واتای مێژوویی خەباتێکی نەتەوەیی و گشتگیر بچووک دەکەنەوە. پرسیاری بنەڕەتی و ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئایا نەتەوەیەک کە ئازادی و سەربەستی دەوێ، دەتوانێ لە درێژخایەندا سەرمایەی مرۆیی، ڕێکخراوە سیاسییەکانی، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، مەشروعیەتی خۆی و هیوای بە ئایندە بەرهەم بهێنێتەوە و بیپارێزێت یان نا؟ مێژووی شۆڕشەکانی جیهان بە ڕوونی نیشانی داوە کە زۆرێک لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان نەک بەهۆی شکستی نیزامی لە مەیداندا، بەڵکوو بەهۆی لاوازبوونی بنەمای کۆمەڵایەتی، فیکری و سیاسییان لە نێوخۆدا شکستیان خواردووە.
باوەڕمەندبوون بەم ئەسڵە وەک پڕەنسیپێکی نەگۆڕی خەبات، ئەو پرسیارە جەوهەرییەش بەرەوڕووی تاک بە تاکمان دەکاتەوە کە ئەرکی ئێمە، وەک نەوەی زیندووی ئەم نیشتمانە لە بەرامبەر ئەم خوێنە گەشانەدا چییە؟
ڕاستی وایە، هەموو کوردێکی بە کەرامەت، خاوەن هەڵوێست، دژەداگیرکەر و نیشتمانپەروەر، پێویستە هەموو ڕۆژێ و هەموو بەیانییەک کە چاو هەڵدێنێت و سەیری ئاسۆی ئەم نیشتمانە دەکات، پرسیارێکی چارەنووسساز لە خۆی بکات: "من ئەمڕۆ دەتوانم چ خزمەتێک بە گەل، نیشتمان و کۆمەڵگاکەم بکەم؟ چی لە دەست من دێت و چ هەنگاوێکم پێ هەڵدەگیرێت؟"
خەبات لە پێناو ڕزگاریدا تەنیا لە سەنگەرەکانی شاخ و لە لولەی تفەنگی پێشمەرگەدا کورت نابێتەوە. مەیدانی بەگژداچوونەوەی داگیرکەر هێندە بەربڵاوە کە هیچ مرۆڤێکی کورد ناتوانێت خۆی لێ بێبەری بکات. وەک چۆن ڕێبەری هەرگیزنەمرمان د. سادقی شەرەفکەندی وتی: بۆ خەبات چ زۆرە؟ ڕێگا! کەواتە هەر کام لە ئێمەش دەتوانین و دەبێ لەم ڕاستایەدا هەنگاو هەڵگرین؛ یەکێک دەتوانێت بە تفەنگ و چەکەکەی لە شاخ کەمینی داگیرکەر تێکبشکێنێت، یەکێکی تر دەتوانێت بە قەڵەم و نووسینەکانی لە نێو جەرگەی شاردا تاریکی و چەواشەکارییەکانی ڕێژیم ڕامالێت. نووسەرێک بە وتارێکی شیکاری، شاعیرێک بە دێڕە شیعرێکی حەماسی کە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی زاڵم دەلەرزێنێت و خەمخۆرێک بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی، هەموویان ئەندامی یەک بەرەی مەزنن بۆ پاراستنی ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتی و سیاسییە.
هیچ کەس لەم خەباتەدا بێبەش نییە و هیچ کەسیش پاساوێکی نییە بۆ بێدەنگی و بێهەڵوێستی. کەرامەتی نەتەوەیی ڕێگە نادات کە چاوەڕێی ئەویدی بین تا بێت و نیشتمانمان بۆ ڕزگار بکات. دایک و باوکێک کە لە نێو ماڵەکەیدا منداڵەکانی بە زمانی دایک و بە عەشق و ناسنامەی کوردایەتی پەروەردە دەکات، خەریکی ئەنجامدانی گەورەترین شۆڕشی فەرهەنگییە دژ بە سڕینەوەی نەتەوەیی. سەرمایەدارێک یان هاووڵاتییەکی ئاسایی کە بە یارمەتییە ماددی و ناماددییەکانی، پشتگیری لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، کادرانی شۆڕش و لێقەوماوان دەکات، خەریکی قایمکردنی ڕیزەکانی ناوخۆیە. تەنانەت بە هەست و سۆز، بە هاوسۆزی لەگەڵ دایکی شەهیدان، و بە سەدان و هەزاران شێوازی تر دەکرێت بەشداربین لەم کاروانەدا.
ئازادی، کەرامەت و ڕزگاریی ڕاستەقینە لە هیچ کوێوە نایەت ئەگەر سەرەتا لە ڕزگارکردنی هزر، زەین و هەستی مرۆڤی کوردەوە دەست پێ نەکات. کاتێک مێشک و دەروونی خۆمان لە ترس، لە فیکری داگیرکەر و لە پاساوی سستبوون پاک دەکەینەوە، ئەو کاتە دەبینە هێزێکی شکستنەخواردوو کە هیچ سیستمێکی نیزامی و سەربازی ناتوانێ بیڕوخێنێت. شەش پێشمەرگە قارەمانەکەی قزقەپان، بە خوێنی خۆیان سەلماندیان کە زەین و هزریان بە تەواوی ئازاد بووە؛ چونکە مرۆڤی ترسنۆک و کۆیلە ناتوانێت ئاوا قارەمانانە لە کەمیندا شەڕ بکات و گیانی پێشکەش بە خاکەکەی بکات.
ئەمڕۆ، ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات بە شانازییەوە ڕادەگەیەنێت کە ئەم خوێنە گەشانە هەوێنی سەرکەوتنی دواجارن؛ بەڵام بۆ ئەوەی ئەم خوێنە بەناحەق ڕژاوە بەفیڕۆ نەچێت، پێویستە هەر یەک لە ئێمە ببینە پێشمەرگەی مەیدانی خۆی و هیوای ئایندە لە ناخی کۆمەڵگاکەماندا زیندوو ڕاگرین. وەک چۆن ڕێبەری بلیمەتی گەلەکەمان د. قاسملوو فەرمووی: باشترین پاداشت بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگایانە؛ کەواتە با لەم بەیانییەوە، پاش بیستنی هەواڵی کۆچی سووری ڕۆڵەکانی پیرانشار، پەیمان نوێ بکەینەوە: هەموو ڕۆژێک بە کارێک، بە پەیامێک، بە پەروەردەیەک یان بە پاڵپشتییەک، خەرمانەی خەباتی نەتەوەیی دەوڵەمەندتر بکەین و بە خۆمان بڵێین و بڵێینەوە کە شۆڕش لە ناخی خۆمان و لە بڕیاری ڕۆژانەی خۆمانەوە دەست پێ دەکات.
نەمری بۆ شەهیدانی قزقەپانی پیرانشار و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان.