کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە کەمتر لە پێنج مانگدا ٥٦ زیندانیی سیاسی لە ئێران لە سێدارە دراون

16:24 - 14 گەلاوێژ 2726

ڤۆڵکێر تورک، کۆمسیاریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر هەڵکشانی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران دەربڕی و داوای کرد تاران بەپەلە پرۆسەی سزادانەکە بوەستێنێت و بەرەو هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم حوکمەکان هەنگاو بنێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە لانیکەم ۵۶ کەس بە تۆمەتی ئەمنییەتی لە سێدارە دراون کە ۲۷ کەسیان لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بوون.

هەروەها زیاتر لە ۱۰۰ کەسی دیکە لەژێر مەترسیی ئەم سزایەدان و هاوكات ئاماری لەسێدارەدانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانیش گەیشتووەتە ۱۳۶ کەس لە سەرەتای ئەمساڵەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند لە ۹ی ڕەشەمەوە ۳۹ کەس بە تۆمەتی سیاسی لە سێدارە دراون، کە ۱۶ دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکان، ۹ دژبەری سیاسی، ۱۰ تۆمەتبار بە سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و ٤ تۆمەتباری "بەغی" دەگرێتەوە.

تورک ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی نەیاران بەکار دەهێنێت.

ناوبراو نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، وەرگرتنی دانپێدانان لە ڕێگەی ئەشکەنجە، و دەرکردنی حوکمی سێدارە لە دادگاییکردنی کورتخایەنی نهێنیدا بە پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ ناو برد.