خەڵکی مافخواز و خەباتکاری کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ٨١ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان. لەو سەردەمدا و پاش پتر لە دوو دەیە زەبروزەنگی حکوومەتی ڕەزاشا بە ئامانجی تواندنەوە و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد لە ڕێگەی سەپاندنی زمان، کولتوور و ئیرادەی سیاسیی باڵادەست، حیزبێک لە دایک بوو کە بووە بنیاتنەری قۆناغی نوێ لە خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ماوەی ئەو دوو دەیەدا و لە کاتێکدا لە باکوورەوە هەتا باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان -لە سمکۆی شکاکەوە بگرە هەتا شۆڕشی ڕینۆ لە ئیلام- بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد دژی ڕێژیمی پەهلەوی لە ئارادابوو، لە ناوەندی کوردستانیش بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی کوردی خەریکی گەشەسەندن بوو. بیرۆکەیەک کە حیزبی "ئازادی" بناغەکەی داڕشت، "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد" واتای نەتەوەیی پێ بەخشی و لە ئاکامدا "حیزبی دێموکراتی کوردستان" بوو بە بەرهەمی ئەو ڕابوونە سیاسی و جەماوەرییە بە بیری نەتەوەخوازییەوە.
دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد درەنجامی وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی کورد بۆ بەربەرەکانی و بەگژداچوونەوەی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی پەهلەوی بوو. حیزبی دێموکرات دەیویست وێڕای شەپۆلەکانی نوێبوونەوەی ئێران، کۆمەڵگەی کوردستانیش نوێ ببێتەوە و داوا ڕەوا و مافخوازانەکەی لە ڕێی حیزبێکی مەدەنی و مۆدێڕنەوە هاوشێوەی دنیای تازە بکاتە ڕۆژەڤ. لە ڕاستیدا حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکەم نموونەکانی گۆرانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بۆیە ئەو حیزبە توانیی لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا بناغەی حکوومەت داڕێژێ. کۆماری کوردستان بەو هەمووە دەسکەوتە مێژوویی، نەتەوەیی و سیاسییەی بەرهەمی ئەو گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگەی کوردی و ئەو شێوازە نوێیە لە خەباتی سەردەمیانە بوو کە کورد بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا لە ڕێی حیزبی سیاسی و بە پلان و بەرنامەی ئامانجدارەوە دەیبردە پێشێ.
حیزبی دێموکرات نە تەنیا کوردی کردە خاوەن حکوومەت بەڵکوو مانا و گوتاری سیاسیی بە خەباتی مافخوازانەی نەتەوکەی بەخشی، گوتارێک کە ئەگەرچی بەردەوام بە پێی پێداویستی و گۆڕانکارییە سیاسییەکان گۆرانی پێدا هاتووە بەڵام جەوهەرە نەگۆڕەکەی بۆتە کۆڵەکەی ژیانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە چەشنێک کە هەتا ئێستاش کورد سیاسیترین نەتەوەی نێو پێکهاتەی جوغرافیایی ئێرانە و ئەو تایبەتمەندیە وای کردووە بۆ ساتێکیش بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەو گەلە نەوەستێ.
هەرەسهێنانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی وێڕای ئەوەیکە زەبرێکی قورس لە حیزبی ساوای تازە دامەزراوی دێموکرات بوو، بەڵام هاوکات ئەزموونێکی گرینگ بوو هەم بۆ حیزبی دێموکرات و هەمیش بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد. بەردەوامیی حیزبی دێموکرات لە ڕێڕەوی تێکۆشان و بووژاندنەوە و داڕشتنەوەی قەوارەی حیزب و بەڕێوەبردنی خەباتێکی خوێناوی بەڵام پڕ دەسکەوت ئەم حیزبەی وا ڕاهێنا ئەگەر ڕۆژێک ڕێبەرانێکی مەزنی وەک د. قاسملوو و د. شەرەفکەندییش لە دەست بدات، هەر لە سەر پێ بمێنێتەوە و ئیرادەی نەتەوەییشی نەڕووخێ.
بەردەوامبوونی حیزب پاش کۆمار و خوێندەوەی ڕێبەرانی نوێ بە نیسبەت ڕووداوەکانی ئێران لە سەرەتاکانی دەیەی ٣٠ی هەتاوی و حەولدان بۆ تێکەڵبوون بە پڕۆسەی سیاسیی ئێران دەکرێ وەک نیشانەکانی قۆناغێکی نوێی گوتاری لە سیاسەتی ئەو حیزبەدا باسی بکەین. هەر لەسەر ئەو بنەمایە خەباتی چەکداریی ٤٧-٤٦ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی محەمەدڕەزا شا بە نیسبەت پرسی کورد پاش کوودەتا بوو کە بە شەهیدبوونی لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە لە حیزبدا، حیزبی دێموکرات پتر بە خۆی و بەرنامە و سیاسەتیدا هاتەوە و لە حیزبێکی بە پێکهاتە مۆدێڕنەوە بوو بە حیزبێکی مۆدێڕنی بە تەواو مانا لە بواری هزری و نەزەری و کردارییەوە. بۆیە کاتێک شوڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا سەرکەوت، حیزبی دێموکرات بوو بە حیزبی خۆشەویست و ئاڵاهەڵگری گوتاری کۆمەڵگە و وەک جەماوەریترین ڕەوتی سیاسیی نێو ئێران ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سیاسەتی کورد و بەرگری لە مافە ڕەواکانی ئەو نەتەوەیەدا گێڕا. واقعبینیی سیاسی هاوکات لەگەڵ پێداگری لەسەر ویست و داواکاریە نەتەوەییەکان وەک دیارترین تایبەتمەندی حیزبی دێموکرات لەو قۆناغەدا نموودی پەیدا کرد کە هەتا ئێستاش نەخشەڕێی ئەو حیزبە بووە لە ساتە سەخت و دژوارەکانی ژیانی نەتەوەی کورددا.
تێکەڵبوون بە شۆڕشی گەلانی ئێران، کەوتنە گوفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی نوێ، سازکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، شکستی دانووستان و شەڕ و بەرگریی چەکداریی دەیەکانی ٦٠ و ٧٠، شەهیدکرانی ڕێبەرانی مەزنی حیزب؛ قاسملوو و شەڕەفکەندی، ئەزموونوەرگرتن لە دابڕانەکانی نێو حیزب، گۆڕانی درووشمی سەرەکی لە خودموختارییەوە بۆ فیداڕالیزم، مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکان، پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری، دواتر ناوەندی دیالۆگ و ئێستاش هاوپەیمانیی کوردستانی و گۆڕانکارییەکان لە گوتاری سیاسیی ئەو حیزبە بە پێی هەلومەرج، بایەخدان بە ڕەوتی خەباتی مەدەنی لە نێوخۆ، نەورۆزە بەشکۆیەکانی کوردستان و بەجەماوەریبوونی سەمبولە کوردییەکان وەک بایەخی نەتەوەیی هەموو ئەو ئەزموونە گرینگانەن کە حیزبی دێموکراتی کردۆتە ئەو حیزبە ئاستبەرزەی کە وێڕای هەموو ئاستەنگەکان توانیویەتی خۆشەویستی نێو دڵی نەوە دوای نەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت و بمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە تێکەڵبوون بە هاوپەیمانییە سەراسەرییەکانی وەک کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ، "نهاد همبستگی برای آزادی و برابری" و زۆر کۆڕ و دامەزراوەی سەراسەریی دی لە بەستێنی سیاسیی ئێراندا؛ ڕۆیشتن بە ڕێچکەی قاسملووی مەزن و پێداگری لەسەر واقعبینی سیاسییە لە سیاسەتی کوردیدا؛ ئەویش لە کاتێکدا حیزبی دێموکرات وەک بەرپرسیارترین حیزبی کوردی هەموو کاتێک لەسەر بنەما نەتەوەییەکان پێداگرە و قەت نەیویستووە خولیای کوردانەی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستاندا کاڵ بێتەوە.
خەڵکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازی کورد!
حیزبی دێموکرات وێڕای ئەوەیکە بە درێژایی ٨١ ساڵ خەبات لە سەر خەتی نەتەوەیی و بایەخە نیشتمانیەکان ماوەتەوە، بەردەوام وەک حیزبێکی پێشکەوتنخواز ویستوویەتی نەریتە ناحەزەکانی کۆمەڵگەش بگۆرێ و بیری لە وڵاتێکی مۆدیڕن و سەردەمیانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەها و بایەخانە کردۆتەوە کە دەستکەوتە بەنرخەکانی مرۆڤایەتین بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد، دادپەروەر و تەندوروست. حیزبی دێموکرات پێداگر بووە لە سەر ئەوەی سەروەریی سیاسی بەبێ سەلماندن و چەسپاندنی مافی ژن وەک سووژە و پرسێکی سەربەخۆ دەست نادات. لە باوەڕی حیزبی دێموکراتدا پیاوسالاری دەبێ لە زەینی مرۆڤی کورددا جێ بۆ باوەڕمەندیی شکۆی ژن و لابردنی هەموو ستەمەکان لە سەر ژنان خۆش بکات و لە ڕوانگەیەکی مرۆڤانەوە بڕواندرێتە بابەت و پرسە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان نە ڕوانگەیەکی تەسکی پیاوانەوە. باوەڕمەندی بە ڕۆڵی هەموو پێکهاتە و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەباتی نیشتمانی و بنیاتنانی کوردستانێکی پێگەیشتوو لە داهاتووی سەربەستیدا باوەڕێکی نەگۆڕ و بنەمایی بووە و دەمێنێتەوە. کار و کارنامەی ئەو حیزبە بە درێژایی هەشت دەیە خەبات نیشانی داوە کە حیزبەکەمان بە بەدیهێنانی زۆر دەسکەوتی سیاسی، نەتەوەیی و میژوویی بە نرخی بەختکردنی گیانی زیاتر لە پێنج هەزار شەهیدی سەنگەر و، ڕوانگە سیاسی و دەستپێشخەرییە سیاسییەکانی لە گۆڕەپانی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەروا متمانەی سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردستانی لەپشتە و پشتقایم بەو پێگە و متمانەیە لە خەبات و تێکۆشانی بەردەوام دەبێت.
ئێستاش لە دۆخێکدا کە ئێران کەوتۆتە قۆناغێکی جیاوازەوە و کۆماری ئیسلامی ڕێبەرە پێشووەکەی لە دەست داوە و و ڕێبەرە نوێیەکەی ناوێک پتر نییە، و لە کاتێکدا دەسەڵات لە جەرگەی شەڕێکی نادیاری دەرەکی و شەڕی لایەنەکانی نێوخۆ بۆ تاپۆکردنی دەسەڵاتدایە، بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وێڕای هەموو زەبروزەنگەکانی دەزگای سەرکوت هەروا لەسەر پێیە. هاوکات بەرهەمی حەولی هەشتا و یەک ساڵەی حیزبی دێموکرات بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی و بەهادان بە ڕۆڵی جەماوەر لە بەرەو پێشبردنی خەباتی نیشتمانی سەرکەوتوو بووە.
لەمڕۆی ساڵوەگەڕی هەشتاویەک ساڵەی تەمەنی حیزبی دێموکراتدا خەباتی فرە ڕەهەندی حیزبەکەمان لە هەموو کاتێک پتر مانای بەخۆیەوە گرتووە، حەولە دیپڵۆماتیکەکانی حیزب لەگەڵ لایەنە جیهانیەکان بۆ ناساندنی پرسی کورد و لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری ئێران بۆ چەسپاندنی مافی سەروەریی سیاسی، خەباتی مەدەنی و خەباتی میدیایی لە ڕێی ئەو خوێنە تازە و لاوانەی گەڕاونەتە دەماریەوە، هەروەها خەباتی پێشمەرگانە بە ئامادەبوونی هێزی پێشمەرگە وەک باسکی بەهێزی گەل ڕەنگدانەوەی ستڕاتیژی خەباتی چەند ڕەهەندیی حیزبی دێموکراتی ئێرانن.
حیزبی دێموکرات لەم ساتە تایبەت و هەستیارەدا بە باوەڕی قووڵ بە ڕێبازی پڕ شانازی ڕێبەرانی شەهید و سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی نەتەوەکەمان پەیمان نوێ دەکاتەوە لە ڕێبازی نیشتمانیی خۆی لا نەدات و هیچ مووشەکباران و هێرشێکی درۆنی و تەنانەت سەربازییش هەنگاوی پێ شل نەکات و بە متمانە بەخۆییەوە لە حەول بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی بەردەوام دەبێت. هەروەها یادی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بەرز ڕادەگرێ و خۆڕاگری بنەماڵە و کەسوکاریان بەرز دەنرخێنێ، و لەو پێناوەشدا بە ئەزموونوەرگرتن لە مێژوو حەولی بێوچان دەدات بۆ ڕاگرتنی یەکگرتوویی نێو ڕیزەکانی خۆی و یەکیەتیی نەتەوەیی و هاوپێوەندیی ڕێکخراوەیی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
گەلاوێژی ١٤٠٥