لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە ناوچەی سنووریی "هەنگەژاڵ"ی بانە، دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران و تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، شەوی سێشەممە ١٣ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوەی "گۆران خدری" و خەڵکی گوندی "نێزەڕۆ"ی بانە، لە خاڵی سنووریی هەنگەژاڵ کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم.
ناوبراو لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ڕێژیم "ڕان"ی بە سەختی بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە بانە کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "بەختیار ئەمینی"، خەڵکی گوندی "دەوسێنە"ی بانە، لە کاتی کۆڵبەریدا لە هەمان ناوچەی سنووری بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق قاچی بەسەختی بریندار بوو.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو دوو کۆڵبەرە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە لەژێر چاوەدێریی بەپەلەی پزیشکیدان.