کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار و لە کوردانی خوراسان سزای قورسی بەسەردا سەپێندرا

14:37 - 15 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، «ئەمیرحوسێن ئەفرا»، لاوی کورد و خەڵکی «ئاشخانە» سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، کە لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن یەکێک لە لقەکانی بەناو دادگای سزاکانی ڕێژیمەوە، بە ١٢ مانگ بەندکرانی داسەپاو، لێدانی ٧٤ قامچی و ٦٤٥ ملیۆن تمەن پێبژاردنی نەختی سزا دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ئەمیرحوسێن ئەفرا لەکاتێکدا کە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری نەکردووە و لە شەپۆلی دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵی خەڵک لە دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار دەسبەسەر کراوە، لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای سزادانی ڕێژیمەوە لە ئاشخانە بە تۆمەتەکانی «تێکدانی ئاسایش و نەزمی گشتی» و «سەرپێچی لە فەرمانی هێزە سەرکوتکەرەکان و تێکهەڵچوون لەگەڵیان» بە ١٢ مانگ بەندکرانی داسەپاو، ٧٤ لێدانی قامچی و ٦٤٥ میلیۆنی پێبژاردنی نەختی سزا دراوە.

ئەو بەناو دادگاییە کە بەبێ بەشداریی خۆی بەڕێوە چووە، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥وە بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەیەندراوە و لەو پێوەندییەدا ناوبراو ناڕەزایەتیی خۆی لەهەمبەر ئەو سزا ناڕەوایەدا دەربڕیوە.

ئەو لاوە کوردە، لە ڕەشەمەی ١٤٠٤دا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، بێ بوونی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و پاش حەفتەیەک لە دەسبەسەرکرانی، بە بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.