ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژ، بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێزان سەلاح پوورئەسەد نوێنەری حیزب لە ئوسترالیا و مەسعوود پیران ئەندامی حیزب لە شاری بریزبێن، لەگەڵ سێناتۆر ماڵکۆلم ڕۆبرت کۆ بوونەوە.
بەڕێز ڕۆبرت بەگەرمی پێشوازیی لە هاوڕێیانی حیزب کرد و بۆ جێبەجێکردنی ئەم دیدارە بەنرخە سپاسی کردن.
لەو کۆبوونەوەیەدا بێجگە لە باسی پەیوەندیدار بە ناوخۆی ئوسترالیا و پەنابەران، سەبارەت بە سیاسەتەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئیسلامی ئێران و دەستێوەردانی تێکدرانە لە کاروباری وڵاتان و کردەوەی تێرۆریستی لە جیهاندا ڕوونکردنەوەیان پێشکەشی سێناتۆر ڕۆبرت و تیمی هاوڕێی کرد و چەندین بەڵگەیان پێشکەش کردن.
پاشان ئاماژە بە مووشەک و دڕۆنبارانە نەپساوەکانی سپای پاسداران بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بنەماڵەکانیان لە باشووری کوردستان کرا و بە ئامار و داتا ژمارەی هێرشەکان و ژمارەی قوربانیانیان نیشانی هەیئەتی خانەخوێ دا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هاوڕێیانی حیزبی ڕایانگەیاند کە زۆر پێش ئێستا لە ساڵی ٢٠١٨ ئەو مووشەکانەی کە ئێستا ڕێژیمی ئێران بەکاریان دێنێت دژی وڵاتانی دیکە لەسەر حیزبی دێمۆکرات تاقیکردووەتەوە کە لەودا ١٦ کەس شەهید و ٤٠ کەسیش بریندار بوون.
بەشی کۆتایی کۆبونەوەکە بۆ باسی ئیعدام و گیران و کوشتوبڕی ڕێژیمی ئیسلامی دژی نەیارانی کرا کە لە ئاستێکی کەموێنەدا ڕووی لە زیادبوونە بە تایبەت بە دژی خەڵکی کورد و ڕۆژ نییە چەند کەسێک نەگیرێن و ئیعدام نەکرێن .
لە کۆتایی دیادرەکەدا سێناتۆر ماڵکۆلم ڕۆبرت وێڕای خۆشحاڵی لەو چاوپێکەوتنە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر بۆ کۆی پرسەکان لە داهاتوشدا ئەو چاوپێکەوتنانەی بە پێویست زانی وهەروەها داوای هێندێک بەڵگەی تایبەتی لەبارەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا کرد.
دوای کاتژمێرێک دیدارەکە لە کەشێکی دۆستانەدا کۆتایی پێهات .