لە درێژەی ڕەوتی ڕەشبگیریی هاونیشتمانییانی کوردستانی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، سێ لاوی خەڵکی ئاوایی نێ سەر بە شاری مەریوان بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی «سامان خوسرەوی»، «هاوڕێ پەروازە» و «سارۆ ڕەوشەنی» خەڵکی ئاوایی «نێ» سەر بە مەریوان، بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردپا، هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیم بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی، ئەو سێ هاووڵاتییەیان لەنێو ماڵدا دەسبەسەر کردووە.
ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکای ڕێژیم بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە بە چەندین ماشین هێرشیان کردووەتە سەر ئاوایی نێ و بوونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی ئەو ئاواییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.
ناوەندە بەناو ئەمنییەکان و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم نزیک بە نیو سەدەیە، بە مێلیتاریزەکردنی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیڕەوکردنی سیاسەتی بەپادگانکردن، ڕەشبگیری و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاونیشتمانییان لە کوردستان، دەیهەوێت بە داپڵۆسین و سەرکوتکردن، ڕەوایی خۆی بەسەر نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێراندا بسەپێنێت.