کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئاوایی نێ گەیشتە شەش کەس

11:04 - 16 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵی هاوڵاتییان لە شارەکانی کوردستان، بەرەبەیانیی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی «زانیار ئەسوار» کوڕی عەبدوڵڵا، «ئاریا مەعرووفی» کوڕی عەتا و «پشتیوان تاتار» کوڕی محەممەد خەڵکی ئاوایی «نێ»ی سەر بە مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. بە ئەژمارکردنی ئەم سێ کەسە، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ئاوایی «نێ» بۆ شەش کەس زیادی کرد.

هێزەکانی ڕێژیم بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەم سێ هاووڵاتییەیان بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵ دەسبەسەر کردووە.

لە هەمان پێوەندیدا، بەرەبەیانیی هەمان ڕۆژ، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی «سامان خوسرەوی» کوڕی عومەر، «هاوڕێ پەروازە» کوڕی عەبدوڵڵا و «سارۆ ڕەوشەنی» کوڕی شەوکەت خەڵکی ئاوایی «نێ»ی سەر بە مەریوان بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا ڕایانگەیاند: هێزە ئەمنییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم شەش هاووڵاتییە بە چەندین ئۆتۆمبێل هێرشیان کردووەتە سەر ئاوایی «نێ».

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم شەش هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.