بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بریندار کراوە و بەندکراوێکی خەڵکی ئیلام بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام ڕاگوێزراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، مستەفا حەسەنزادە خەڵکی ڕەبەت، بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بریندار کراوە.
ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەشی خستەڕوو: ناوبراو دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبیی بانە، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە تەندروستییەکان لە تەورێز کراوە.
شایانی باسە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە بە ناوەکانی «گۆران خدری» و «بەختیار ئەمینی»، کە خێزاندار و خەڵکی ئاواییەکانی «نێزەڕۆ» و «دەوسێنە»ن بوون، لە دوو ڕووداوی جیاجیادا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم و تەقینەوەی مین لە سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانە بە سەختی بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبیی بانە گواسترابوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژ، کەیۆمەرس حەسەنبەیگی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی «کارزان» سەر بە شارستانی سیروان لە پارێزگای ئیلام، دوای ١٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە.
ئەو لاوە کوردە ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی پووشپەڕ، لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.